سەردەشت .. هەرەسی ڕنوو ٥ کۆڵبەری کوردی کردە قوربانی
١٠ ڕێبەندان ٢٧١٦، ١٣:٥٣
هەنگاو: هەرەسی ڕنوو لە بەرزاییەکانی سەردەشت گیانی سی کۆڵبەری ئەستاند و دووی دیکەشی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندان، بە هۆی هەرەسی ڕنوو لە بەرزاییەکانی ناوچەی "بێوران" سەر بە شاری سەردەشت، ٩ کۆڵبەری کورد کەوتنە ژێر بەفرەوە.
هەواڵنێری "هەنگاو"لەشاری سەردەشت ڕایگەیاند کە هەتا درەنگانی شەو خەڵکی ناوچەکە و هەروەها شاخەوانانی سەردەشتی بەمەبەستی ڕزگار کردنی ئەو کۆڵبەرانە خۆیان گەیاندووەتە شوینی ڕووداوەکە و هاوکاری لێقۆماوەکانیان کردووە.
لەو ڕووداوەدا ٣ کۆڵبەری کورد بەناوەکانی عەلی محەممەد نژاد ١٨ ساڵە، کوڕی حەمزە و خەڵکی سەردەشت، شێرزاد عەبدوڵڵاهی ٢٧ ساڵە ، کوڕی عومەر و خەڵکی سەردەشت و هیوا ئیبراهیمی ٢٢ ساڵە ، کوڕی عەبدووڵڵا و خەڵکی بانە گیانیان لە دەست داوە.
دوو کۆڵبەری دیکەش بەناوەکانی "قاسم مەحموود خدر" ٣١ ساڵە و "هێدی زاهیری ٢٤ ساڵە لە بەشی ICU نەخۆشخانەی سەردەشت ڕاگیراون و لە ژیر چاوەدێریی پزیشکیدان.