کوژران و برینداربوونی ١٤٣ کۆڵبەر لە ساڵی ٩٥

٢٩ ڕەشەمە ٢٧١٦، ٢١:٥٧
هەنگاو: لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویدا ئاماری کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لەهەمبەر ساڵەکانی رابردوو زیادبوونی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە. بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی (هەنگاو)، لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویدا ١٤٣ کۆڵبەر بوونەتە قوربانی. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لەم ساڵەدا ٦٦ کۆڵبەر گیانیان لە دەست داوە و ٧٧ دیکەش بریندار بوون. بەپشت بەستن بە ئامارەکانی )هەنگاو)، ٤٨ کۆڵبەر لەو ٦٦ کۆڵبەرەی کە گیانیان لە دەست داوە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بووە و ١٨ کۆڵبەری دیکەش بەهۆی ڕووداوە سروشتییەکانی وەکوو سەرمابردوویی، هاتنی ڕنوو و بەربوونەوە لە شاخ و بەرزایی‌یەکان، گیانیان لە دەست داوە. هەروەها لەم دوانزە مانگەدا ٧٧ کۆڵبەر بەریندار بوون کە ٦٦ کۆڵبەریان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بووە و ٢١ دیکەش بەهۆی رووداوە سروشتییەکان بووە. ناسنامەی تەواوی ئەو کۆڵبەرانە لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی هەنگاو تۆمار کراوە. کەڵوەرگرتن لەم ئامارە بە ئاماژەکردن بە ناوی هەنگاو، ڕێگەپێ دراوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە