دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی کورد لە بۆکان
١٠ خاکەلێوە ٢٧١٧، ٠٤:٣٦
هەنگاو: دەسبەسەرکرانی لاوانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە درێژەی هەیە و ئەم جارە دوو هاووڵاتیی کورد لە بۆکان دەسبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (هەنگاو)، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٧ی خاکەلێوە، هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە بۆکان لە دوو شوێنی جیاجیادا دوو لاوی کوردیان دەسبەسەر و ڕاپێچی شوێنێکی نادیار کرد.
هەواڵنێری هەنگاو لە شاری بۆکان، ناوی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی "سەعید ڕەشید زادە" تەمەن ٢٦ ساڵ و "ئامانج قوربانی" تەمەن ٢٩ ساڵ ڕاگەیاندووە.
ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە کاتێکدا دەسبەسەر کراون کەلە ماڵی خۆیاندا بوون و پاش دەسبەسەرکرانیان ماڵەکەشیان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە پشکێنراوە.
سەرەڕای بەدواداچووی بەردەوامی بنەماڵەکانی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، هەتا ئێستا هۆکار و شوێنی دەسبەسەرکرانیان ناڕوونە.