بەندکراوێکی سیاسی کورد سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا

٣١ بانەمەڕ ٢٧١٧، ٢٠:٠٢
هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. به‌پێی ڕاپۆرتی (هەنگاو) و بە پشتبەستن بە (تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان)، ڕۆژی شه‌ممه‌، ٣٠ی بانه‌مه‌ڕ سزای ئێعدامی زیندانیی سیاسی کورد "کەماڵ حەسەن ڕەمەزان" لەزیندانی ئورمیە به‌ ناوبراو ڕاگەیەندرا. ئه‌و بڕیاره‌ لە لقی ٣ی دادگای شۆڕشی شاری ئورمیە بەسەرۆکایەتیی قازی مێهدی پوور دراوه‌. کەماڵ حەسەن ڕەمەزان ته‌مه‌نی ٣١ ساڵه‌ و خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە. ناوبراو لە پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٣ی هه‌تاوی هاوڕێ لەگەڵ دوو که‌سی خەڵکی شاری ماکۆ لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە بەتۆمەتی ئەندامەتی له‌ حیزبێکی کوردیی دژبه‌ری کۆماری ئیسلامی گیرا. کەماڵ حەسەن ڕەمەزان له‌ ٢٣ی گەلاوێژی ٩٤لە دادگای شۆڕشی ورمێ بەسەرۆکایەتی دادوەر چابوک لە دانیشتنێکی یه‌ک کاتژمێری‌دا به‌ ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندان مەحکووم کرا و حوکمەکە بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا و ته‌نانه‌ت دوابەدوای ناڕەزایەتیی ناوبراو بەو حوکمە، سزاکه‌ی داشکا بۆ ٧ساڵ زیندان، به‌ڵام له‌ ژێر فشاری ناوه‌نده‌ ئه‌منیه‌تییه‌کان په‌روه‌نده‌یه‌کی نوێی له‌ دژی کرایه‌وه‌ و ئه‌مجاره‌یان سزای ئێعدامی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە