سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بەڕێوە چوو
١٣ پووشپەڕ ٢٧١٧، ١٥:٢٤
هەنگاو: سزای سێدارەی دوو هاووڵاتی کە یەکێکیان کورد بووە لە گرتووخانەی ناوەندیی ئورمیە بەرێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١٣ی پووشپەڕ، سزای سێدارەی دوو هاووڵاتیی خەڵکی میاندواو لە گرتووخانەی "دەریا"ی شاری ئورمیە بەڕێوە چوو.
ناسنامەی ئەو دوو هاووڵاتییە "فیرووز ئەسکەندەری" هاووڵاتیی کورد و "عەلیڕەزا کەریمی" هاووڵاتیی تورک ڕاگەیندراوە.
ئەو دوو بەندکراوە بە تۆمەتی "کوشتنی ئەنقەست" دەستگیر و لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
فیرووز ساڵی ١٣٩٤ و عەلیرەز ساڵی ١٣٩١ دەستبەسەر کرابوون.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، لە سەرەتای ئەم حەفتەوە سزای ٥ هاووڵاتیی کورد کە کەسێکیان ژن بووە، لە زیندانەکانی ئێران بەڕێوە چووە.