پیرانشار/ دوو کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی ئێران بریندار کران
١٦ پووشپەڕ ٢٧١٧، ١٤:٠٣
هەنگاو: بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران دوو کۆڵبەری خەڵکی پیرانشار بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی پووشپەڕ، هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە پێگەی "قەرەجە" نزیک لە کوێستانەکانی "کانی خودا" هەڵکەوتوو لە سنووری پیرانشار و چۆمان، تەقەیان لە پۆلێک لە کۆڵبەران کرد کە بەو هۆیەوە ٢ کۆڵبەر بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، دوو کۆڵبەری خەڵکی پیرانشار بەناوەکانی "موحسن ڕەشە شیلانی" کوڕی محەممەد و "تاهیر" بریندار بوون.
ئەو دوو کۆڵبەرە بەمەبستی چارەسەر پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی پیرانشار کراون.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، لەسەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە، ٤٦ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران بریندار بوون.