قوربانی بوونی دوو کۆڵبەر بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەی هێزەکانی ئێران
هەنگاو: بە هۆی تەقینەوەی مین و داوابەدوای ئەوە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری پیرانشار، دوو کۆڵبەر بوون بە قوربانی.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە "هەنگاو"، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٦ی گەلاوێژ، پۆلێک کۆڵبەری خەڵکی پیرانشار لەکاتی گەڕانەوە لە باشووری کوردستان کەوتوونەتە سەر مەیدانی مین و بە هۆی تەقینەوەی مینەوە کەسێکیان لاقێکی پەڕیوە.
هەواڵنێری هەنگاو" لەشاری پیرانشار ڕایگەیاند کە بە هۆی تەقینەوەی مینەوە کۆڵبەریک بە ناوی "مەنسوور ڕەسووڵی ئازەر" کوڕی ڕەحیم و خەڵکی کۆنەخانێ لاقی ڕاستی پەڕیوە کە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی ئورمیە کراوە.
هاوکات و دوای تەقینەوەی ئەو مینە، هێزە چەکدارەکانی ئێران کە لە پایگای "زێوکەو ماشکان" جێگیر بوون ئەو پۆلە کۆڵبەرەیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لەئاکامدا کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی "جەلال" گوللە بەر سەری کەوتووە و بە سەختی بریندار کراوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە گەیشتوو، دۆخی تەندروستیی جەلال نالەبار ڕاگەیەندراوە و ئەگەری زۆرە کە گیانی لە دەست بدات
Contact us