هێزەکانی ئێران کۆڵبەرێکی دیکەیان لە پیرانشار کوشت+ ئامار

١٣ گەلاوێژ ٢٧١٧، ١٥:١٤
هەنگاو: تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری پیرانشار کوژرانی کۆڵبەرێکی دیکەی کوردی لێکەوتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"،کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ١٣ی گەلاوێژ، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە نزیک گوندی "سێلوێ"ی پیرانشار تەقەیان لە پۆلێک لە کۆڵبەران کرد کە لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی لاو دەستبەجێ گیانی لە دەست دا. هەواڵنێری "هەنگاو" لە شاری پیرانشار ناسنامەی ئەو کۆڵبەرەی "فەرهاد زەردی"  تەمەن ٢٥ ساڵ، کوڕی عەبدوڵڵا و دانیشتووی پیرانشار ڕاگەیاندووە کە گوللە بەر سەری کەوتووە و دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە. بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری "هەنگاو"، تەنیا لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ٩ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانیان لە دەست داوە و ١٦ کۆڵبەر و کاسبکاریش بریندار بوون.  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە