کوژرانی و بریندار بوونی دوو کۆڵبەر لە سنوری شاری شنۆ

١٩ گەلاوێژ ٢٧١٧، ١٩:١٩
هەنگاو: تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەچەکدارەکانی ئێران بۆسەر کۆڵبەران لە سنوری شنۆ، کوژران و بریندار بوونی دوو کۆڵبەری لێکەوەوە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤیی“هەنگاو”، شەوی ڕابردوو ١٨ی گەلاوێژ هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوری “دۆڵ مەیدان”هەڵکەوتوو لە کوێستانی “کێلەشین” سەر بە شاری شنۆ دەستڕێژی گولەیان کردە سەر کۆڵبەرانی کورد.

هەواڵنێری “هەنگاو” لە شاری شنۆ ڕایگەیاند لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی ئێران بۆ سەر کۆڵبەران، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری “سەڵماس” بە ناوی “فەرجاد جەسیمی” کوڕی ساڵح دەست بەجێ گیانی لەدەست داوە.

ئەم کۆڵبەرە خەڵکی ئاوایی “سیدان” سەر بەشاری سەڵماس بووە و فیشەک بەر سەری کەوتووە.

هەروەها شەوی پێشتریش و لەهەمان شوێن، کۆڵبەرێکی دیکە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران بریندار کراوە.

ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە “تەوحید” خەڵکی شنۆ ڕاگێندراوە.

ناوبراو ئێستا لە ناوەندەکانی دەرمانی شاری شنۆ لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دایە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە