بەندکراوێکی مەحکووم بە سێدارەی کورد بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە

٣١ گەلاوێژ ٢٧١٧، ٠١:٣٩
هەنگاو: یەکێک لە بەندکراوانی کورد کە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە و لە گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگیراوە، بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، سەید جەماڵ مووسەوی، بەندکراوی مەزهەبی کورد کە لە گرتووخانەی ڕەجایی شار ڕاگیراوە، ٦ ڕۆژ پێش لەو گرتووخانەیە براوەتە دەرەوە و هەتا ئێستاش چارەنووسی نادیارە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی گەلاوێژ  ئەو بەندکراوە کوردەیان بە بیانووی ناردنی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان لە گرتووخانە بردووەتە دەروە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ناوبراو نەخۆش نەبووە و داوای گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان نەکردووە. ئەو سەرچاوەیە وتیشی لە سەید جەماڵ دوای ئەوەی لە گرتووخانە براوەتە دەرەوە هیچ پەیوەندییەکی بە بنەماڵەکەی نەکردووە و بەرپرسانی گرتووخانەش وڵامدەر نین و ئەمەش نیگەرانی بنەماڵەی ئەو بەندکراوە کوردەی لێ کەوتووەتەوە. سەید جەماڵ موسەوی ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی شاری سنە دەستبەسەر و ساڵی ١٣٨٨ بە تۆمەتی "دژایەتی خودا" لەڕێگەی ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان، لەلایەن دادگای شۆڕشی سنەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو لەماوەی ٩ ساڵی ڕابردوودا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لە گرتووخانەی ناوەندی سنە بۆ گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج گوازراوەتەوە. حوکمی سێدارەی سەید جەماڵ لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاست کراوەتەوە و  ناوبراو چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی حوکمەکەی دەکات.    

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە