ئەگەری لەسێدارەدانی بەندکراوێکی مەزهەبی کورد لەئارادایە

١ خەرمانان ٢٧١٧، ٠٣:٤٧
هەنگاو: ئەگەری بەڕێوەچوونی حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی مەزهەبی کورد لە گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج لەئارادایە. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، سەی جەماڵ سەید مووسەوی بەندکرای مەزهەبی کورد کە لە گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگیراوە، حەفتەی ڕابردوو بە بیانووی گواستنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان لە گرتووخانە بردرابووە دەرەوە ئەمڕۆ بۆ ماوەی جەند کاتژمیر گەڕندراوەتەوە بەندەکەی خۆی و پاشان بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە. هێزە ئەمنییەکان ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی گەلاوێژ  ئەو بەندکراوە کوردەیان بە بیانووی ناردنی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان لە گرتووخانە بردبووە دەرەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ناوبراو نەخۆش نەبووە و داوای گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان نەکردبوو. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسانی زیندان دایکی ئەو بەندکراوە کوردەیان بۆ دوایین چاوپێکەوتن بانگهێشت کردووە و بەو پێیە ئەگەری زۆرە کە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە حوکمی سێدارەی سەید جەماڵ سەید موەسەوی جێبەجێ بکرێت. سەید جەماڵ موسەوی ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی شاری سنە دەستبەسەر و ساڵی ١٣٨٨ بە تۆمەتی “دژایەتی خودا” لەڕێگەی ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان، لەلایەن دادگای شۆڕشی سنەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو لەماوەی ٩ ساڵی ڕابردوودا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لە گرتووخانەی ناوەندی سنە بۆ گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج گوازراوەتەوە. حوکمی سێدارەی سەید جەماڵ لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاست کراوەتەوە و  ناوبراو چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی حوکمەکەی دەکات.  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە