گەلاوێژی خوێنی کۆڵبەرانی کورد/ کوژران و برینداربوونی ٢٠ کۆڵبەر

١ خەرمانان ٢٧١٧، ٢٣:٣٧
هەنگاو: لەماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٢٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراون و یان بریندار بوون. بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، لەماوەی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا ٢٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد گیانیان لە دەست داوە و یان بریندار بوون کە ١٨ حاڵەتی بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بووە. بە پشت بەستن بەو ئامارانە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژی ڕابردوودا،  ٩ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون کە کەسێکیان بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی و ٨ کەسیشیان بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانیان لە دەست داوە. زیاترین حاڵەتی کوژرانی کۆڵبەران لە پارێزگای ئورمیە تۆمار کراوە کە ٨ حاڵەت بووە. ٣ کەس لەو کۆڵبەرانە خەڵکی سەردەشت، ٢ کەس خەڵکی پیرانشار  و ٤ کۆڵبەریش خەڵکی شارەکانی پاوە، شنۆ، سەڵماس و ماکۆ بوون . هەروەها لەو ماوەیەدا ١١ کۆڵبەر بریندار بوون کە ١ حاڵەت بە هۆی تەقینەوەی مین بووە و ١٠ حاڵەتیش بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراون. ٧ کەس لەو کۆڵبەرانەی کە بریندار بوون خەڵکی پارێزگای ئورمیە، کۆڵبەرێک خەڵکی پارێزگای کرماشان و ٤ کۆڵبەریش خەڵکی پارێزگای سنە بوون.   بەکارهێنانی ئەم ئامارە بە مەرجی ئاماژە بە سەرچاوە (هەنگاو) ڕێگەپێدراوە

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە