چارەنووسی کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت پاش مانگێک نادیارە
هەنگاو: کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی شاری سەردەشتی ماوەی زیاتر لە مانگێکە چارەنووسی ناڕوونە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت بە ناوی "شاخەوان قاسمی" ماوەی زیاتر لە مانگێک لەمەوبەر لە سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ چەند کۆڵبەرێکی دیکە دەکەونە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی ئێران و لەو کاتەوە تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی شاخەوان قاسمی بە هەواڵنێری “هەنگاو”ی ڕاگەیاند کە ناوبرا لە گەرمەی ناڕازایەتییەکانی شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژی(١٣ی خەرمانان / ٤ی سێپتامبر) لە لایەن ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامی شاری سەردەشتەوە دەستگیر دەکرێت و دوای هەفتەیەک مانەوەی لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامی ئەو شارە بە کەفالەت ئازاد دەکرێت.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا ناوبرا بە تۆمەتی ئەوەی کە لە ژێر ناوی کۆڵبەریدا لە سەر سنوور هاوکاری پێشمەرگەی هێزە کوردییەکانی کردووە و رۆژنامە و بڵاوکراوەی ئەو هێزانەی بۆ ناو رۆژهەڵاتی کوردستان گواستووەتەوە، خراوەتە ژیر گوشار و ئەشکەنجەوە.
شاخەوان قاسمی دوای ئازابوونی دیسان روو دەکاتەوە کۆڵبەری و رۆژی( ٢٦ی خەرمانان/ ١٧ی سێپتامبر) بۆ جارێکی دیکە دەکەونەوە بۆسە هێزەکانی ئینتزمی ئێران.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە لەو کاتەوە تا ئێستا چارەنووسی ناوبراو ناڕوونە و بنەماڵەکەی هیچ هەواڵێکیان لێ نییە و لایەنە پێوەندیدارەکانی شارەکەش تا ئێستا هیچ وەڵامێکی بنەماڵەی ناوبراویان نەداوەتە.