مەریوان/ دوو کۆڵبەری کورد دەستبەسەر کران

٣ خەزەڵوەر ٢٧١٧، ١٧:٥٠

هەنگاو: هێزە سنوورپارێزەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری هەورامانی مەریوان دوو کۆڵبەری کوردیان دەستگیر کردووە و چارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە “هەنگاو” و بە پشتبەستن بە “کوردپا”، لە ڕۆژانی رابردوودا دوو کۆڵبەری کورد خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوان لەلایەن هێزە سنوورییەکانی ئێرانەوە دەستگیر و بۆ گرتووخانەی ئەو شارە ڕاگوێزران.

بەپێی هەمان سەرچاوە، ناسنامەی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردەی بە ناوەکانی"ئامانج ئەمین نژاد" تەمەن ٢٣ ساڵ کوڕی ئەحمەد و "ڕێبوار شەریفی" تەمەن ٢٣ ساڵ خەڵکی گوندی "دزڵی" سەر بە شاری مەریوان ڕاگەیەندراوە.

ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە ئێستا لە گرتووخانەی شاری مەریوان دان و چارەنووسیان هەتا ئێستا بە ناڕوونی ماوەتەوە.

بە گوتەی هەمان سەرچاوە، دەستبەسەرکردنی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە لە حاڵێکدا بووە و کە ئەوان هیچ جۆرە شتومەکێکی قاچاغیان پێی نەبووە.

ئەوە سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو، بنەماڵەی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکانیان بێبەرین و هیچ زانیارییەک لەبارەی چاڕەنووس و تەندروستیان لەبەردەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە