دوو بەندکراوی سیاسیی کورد دیسانەوە بە لەسێدارەدان حوکم دران

١٨ خەزەڵوەر ٢٧١٧، ٠٢:٢١

هەنگاو: دەزگای قەزایی حکومەتی ئێران، دوو بەندکراوی سیاسیی کوردی دیسانەوە بە لەسێدارەدان حوکم دا.

بەپێی هەواڵی گەییشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، دوو گیراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی سابیر شێخ عەبدوڵا و دیاکۆ ڕەسووڵزادە، پاش چەند ساڵ ناڕوونیی چارەنووس، دیسانەوە بە لەسێدارەدان مەحکووم کران.

لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی چابوک، ڕۆژی چوارشەممە (٢٦ی ڕەزبەر / اکتبر) ئەم دوو بەدنکراوە سیاسییەی بە تۆمەتی دوژمنایەتی لەگەڵ خودا لەڕێگای پێوەندی و ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەڵە، بە لەسێدارەدان حوکم دا.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ حەسەن عوسمانی هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد دەستبەسەر و پاش ماوەیەکی دوور و درێژ حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردانە ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ بە تۆمەتی بەشداری لە تەقینەوەکەی ساڵی ١٣٨٩ی مەهاباد و ئەندامەتی لە کۆمەڵە حوکمی سێدارەدانیان بۆ بڕابووە.

پاشان حوکمی لەسێدارەدانی حەسەن عوسمانی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە هەڵوەشاوە و پەڕگەی ئەو دوو هاووڵاتییەکەش بۆ دادگای ئورمیە گوازرابووەوە.

شایانی باسە کە ئەم سێ هاووڵاتییە لەژێر ئەشکەنجە و ئازاردا لە ماوەی دەستبەسەری لە ئیتلاعاتدا، ناچار بە دانپێدانانی تەلەویزیۆنی کرابوون.

وەرگرتنی دانپێدانانی تەلەویزیۆنی لەکاتێدابوو کە پاش ڕووداوەکەی مەهاباد و لە ٣ی ڕەزبەری ١٣٨٩دا ، محەممەد پاکپور، فەرماندەری سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندبوو کە بکەرانی سەرەکی تەقینەوەکە کوژراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە