شنۆ / دووهەمین کۆڵبەر بە هۆی سەرماوە گیانی لە دەست دا

١٦ سەرماوەز ٢٧١٧، ٢٢:٠٧

هەنگاو: لە ماوەی کەمتر لە یەک حەفتەدا دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی شنۆ بە هۆی سەرما و سۆڵەوە گیانیان لە دەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، کۆڵبەرێکی خەڵکی شنۆ بە ناوی ”ئیدریس بایزیدی“ تەمەن ٢٥ ساڵ و کوڕی قادر، لە کوێستانی ”شوترە“ لە نێوان شاری شنۆ و سیدەکانی باشووری کوردستان بە هۆی زوقم و سەرماوە گیانی لە دەست دا.

ئەو کۆڵبەرە کە خەڵکی گوندی ”سینگان“ لە شاری شنۆیە شەوی چوارشەممە (١٥ی سەرماوەز / ٦ی دیسامبر) گیانی لە دەست داوە و ڕۆژی پێنج شەممە تەرمەکەی دۆزراوەتەوە و گەڕێندراوەتەوە بۆ زێدەکەی خۆی و پاشان ئەسپەردە کراوە.

گیان لە دەست دانی ئەم کۆڵبەرە لە حالێکدایە کە شەوی سێشەممە (٧ی سەرماوەز / ٢٨ی نۆڤەمبر)، کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی شنۆ بە ناوی ”عەبدوڵڵا مستەفەوەی“ کوڕی محەممەد ئەمین بە هۆی زوقم و سەرما لە کوێستانەکانی کێلەشین و لە نزیک گوندی میرئاوا گیانی لە دەست دا.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ”هەنگاو“ لە سەرەتای ئەمساڵی زایینییەوە ١٤ کۆڵبەری کورد بە هۆی زوقم و سەرما، ڕنوو و کڕێوەوە گیانیان لە دەست داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە