مەرگی گوماناوی کچە خوێندکارێکی دیکەی کورد

١٧ سەرماوەز ٢٧١٧، ١٥:٤٨

هەنگاو: لە بەرە بەرەی ڕۆژی خوێندکار لەئێراندا، تەرمی کچە خوێندکارێکی کورد کە بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست دابوو، لە خەوتنگەی یەکێک لە زانکۆکانی شاری ئەهواز، دۆزریەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی چوارشەممە (١٥ی سەرماوەز / ٦ی دێسامبر)، تەرمی کچە خوێندکارێکی کوردی زانکی کشت و کاڵی و سەرچاوە سروشتییەکانی ڕامینی ئەهواز دۆزرایەوە کە بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست دابوو.

ئەو خوێندکارە کوردە بە ناوی “مونا دوڕانی” تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی کرماشان، زانکۆی ساڵی سێهەمی دوکتورای ئەو زانکۆیە بووە.

یەکێک لە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە لە پەیوەندییەکی تەکەفوونیدا بە هەواڵنێری “هەنگاو”ی ڕاگەیاند کە مۆنا بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست داوە و بەرپرسانی زانکۆ بەوانیان ڕاگەیاندووە کە بڵێن ناوبراو بە هۆی “جەڵتەی دڵەوە” گیانی لە دەست داوە. ئەمە لا حاڵێکدایە کە ناوبراو بە هیش شێوەیەک نەخۆشیی دڵی نەبووە.

دوو مانگ پێش ئێستاش خوێندکارێکی دیکەی کورد بە ناوی “زەینەب” تەرمەکەی لە خەوتنگەی یەکێک لە زانکۆکانی ئیلام دۆرزابوویەوە کە بەرپرسانی زانکۆ ڕایانگەیاندبوو خۆی کوشتووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری “هەنگاو”، لەماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا ئەمە سێهەمین حاڵەتی گیان لەدەست دانی گوماناوی کچە خوێندکارانی کوردە کە لە زانکۆکانی سنە، ئیلام و ئەهواز تۆمار کراوە و دوو کچیان خەڵکی ئیلام و کچێکیش خەڵکی کرماشان بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە