برینداربوونی سێ کۆڵبەر لە مەریوان و سەردەشت

٢٣ سەرماوەز ٢٧١٧، ١٧:١٥

هەنگاو: تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە مەریوان بووە هۆی بریندار بوونی دو کۆڵبەر و لە لایەکی ترەوە کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەردەشت بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی، بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی “هەنگاو” ، ڕۆژی شەممە (١٨ سەرماوەز/ ٩دیسامبر) هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ناوچەی “سیاناو”ی سەر بە شاری مەریوان، دەسڕێژی گوللەیان کردووەتە سەر چەند کۆڵبەرێک و لە ئاکامدا دو کۆڵبەر بە ناوی “ئیسحاق حەبیبی” و “سەروەر موحەممەدی” بریندار کراون.

ئیسحاق لاق و سەروەر کەمەری بریندار بووە و بە هۆی قووڵی برینەکانیان بۆ نەخۆشخانەکانی شاری سنە بەڕێ کراون.

لە لایەکی ترەوە ڕۆژی چوارشەممە (٢٢ی سەرماوەز/١٣ دیسامبر) کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت بە ناوی”جەعفەر” تەمەن ٤٠ ساڵ بە هۆی ڕاوەدوونانی هێزە ئەمنیەتیەکانی ئێران لە هەڵدێرێکەوە دەکەوێتە خوارەوە و لاق و دەستی توشی شکان دەبن.

جەعفەر خەڵکی ئاوایی ”گول کەنگ” ی شاری سەردەشت بووە و ئێستا لە ژێر چاوەدێری پزیشکی لە شاری ئورمیە دایە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە