کوژران و برینداربوونی ٢٢٦ کۆڵبەر لە ساڵی ٢٠١٧دا

١٣ بەفرانبار ٢٧١٧، ٠١:٠١

هەنگاو: لەماوەی سالی ڕابردووی زایینیدا ٢٢٦ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ڕێگای بەدستهێنانی بژێوی بوونەتە قوربانی ە زۆربەیان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ هێزە چەکدارەکانی ئێران بووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ”هەنگاو“، لەماوەی ساڵی ٢٠١٧ دا ٢٢٦ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بوون بە قوربانی کە لەو ڕێژەیە ١٤٨ کەسیان بریندار و ٧٨ کەسی دیکەیان گیانیان لە دەست داوە.

ئەم ئامارە بە نسیبەت ساڵی ڕابردوو بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە، لە ساڵی ٢٠١٦دا سەرجەم ٩٦ کۆڵبەر و کاسبکار ببون بە قوربانی کە ٤٨ کەسیان گیانیان لە دەست دابوو.

ئەو کۆڵبەرانەی کە گیانیان لە دەست داوە

٦٦٪ی ئەو کۆڵبەر و کاسبکارانەی کە گیانیان لە دەست داوە واتە (٥١ حاڵەت) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بووە و ١٨٪ واتە (ق٤ حاڵەت) بە هۆی ڕنوو و زوقم و سەرماوەوە بووە.

هەروەها ٣ کۆڵبەر بەهۆی ڕاوەدوونان و کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی، ٧ کاسبکار بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ لەکاتی ڕاوەدوونانی هێزە ئەمنیەکان، کۆڵبەریک بەهۆی جەڵتەی دڵ لەکاتی ئیش کردن و کۆڵبەرێکیش بەهۆی کەوتنە ناو ڕووبار گیانیان لە دەست داوە.

٥٢ کۆڵبەر کە گیانیان لە دەست داوە کە دەکاتە ٦٧٪ی کۆی کۆڵبەران و کاسبکارانی کوژراو خەڵکی پارێزگای ئورمیە بوون، ٢٨٪ کە دەکاتە )٢٢ حاڵەت خەڵکی پارێزگای سنە و ٥٪ کە دەکاتە (٤ حاڵەت) خەڵی پارێزگای کرماشان بوون.

ئەو کۆڵبەرانەی کە بریندار بوون

لە کۆی ئەو ١٤٨ کۆڵبەر و کاسبکارەی کە بریندار بوون، ٥٧٪ (٨٣ حاڵەت) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ٢٢٪ (٣٢ حاڵەت) بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ، ٨٪ (١١ حاڵەت) بە هۆی ڕنوو و سەرما و ٨٪ (١٢ حاڵەت) بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بریندار بوون.

هەروەها ٦ کۆڵبەری دیکە بە هۆی تەقینەوەی مین، ٢ کۆڵبەر بە هۆی تۆپبارانی هێزەکانی ئێران، کۆڵبەرێک بە هۆی گاز گرتوویی و کۆڵبەریکی دیکەش بە هۆی کەوتنە ژێر باروە بریندار کراون.

٨٥ حاڵەتی برینداربوونی کۆڵبەران لەپارێزگای ئورمیە، ٥٤ حاڵەت لەپارێزگای سنە و ٩ حاڵەتیش لە پارێزگای کرماشان تۆمار کراوە.

هەروەها بە پێی ئامارەکانی ”هەنگاو“، لەماوەی سالی ٢٠١٧ی زایینیدا ١٢ کۆڵبەری تەمەن ژێر ٢٠ ساڵ کوژراون و ١٥ کۆڵبەریش بریندار بوون.

 

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە