بانە بەڕێوەبەری کەناڵێکی تێلێگرامی دەستبەسەر کرا

١٤ بەفرانبار ٢٧١٧، ١٦:٢٢

هەنگاو: بەڕێوەبەری یەکێک لە کەناڵە تێلێگرامییەکانی شاری بانە کە هەواڵی تایبەت بەو شارە بڵاو دەکاتەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی چوارشەممە (١٣ی بەفرانبار / ٣ی ژانویە)، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران لە شاری بانە، ”شوجاع حوسێن زادە“ بەڕێوەبەری کەناڵی تێلێگرامیی ”بانە نیوز“یان دەستبەسەر کردووە.

شوجاع حوسێن زادە لەو کەناڵەدا دوو بابەتی “تێکدانی چاییخانەی پیر موراد و هەڵسوکەوتی نابەجێی کارمەندانی شارەوانی لەگەڵ میوە فرۆشەکانی ئەو شارە ” بڵاو کردبوویەوە کە ئەمە تووڕە بوونی وریا وسووقی بەرپرسی شارەوانی بانە و لەئاکامدا سکاڵای ناوبراوی لێکەوتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعات بۆ ئازادکردنی کاتی شوجاع حوسێن زادە داوای ٥٠٠ ملیۆن تمەن بارمتەی کردووە.

ناوبراو ئێستا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە ڕاگیراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە