حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی سیاسی کورد پشتڕاست کرایەوە

٢٨ بەفرانبار ٢٧١٧، ٢١:٢٠

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی شنۆ کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگای شۆڕشی ئورمیەوە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، حوکمەکەی لە دادگای پێداچوونەوەدا وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، دادگای پێداچوونەوەی بەندکراوی سیاسی کورد ”هیدایەت عەبدوڵڵاپوور“ ئەمڕؤ پێنج شەممە  (٢٨ی بەفرانبار  ١٨ی ژانویە) بەڕێوە چوو و لقی دووی دادگای پێداچوونەوەی ئورمیە حوکمی سێدارەی ناوبراوی وەک خۆی پشتڕاست کردەوە.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ ٢٧ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی هاوکاری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە شەڕی گوندی ”قەرەسەقەل“ سەر بە شاری شنۆ کە لەنێوان پێشمەرگەکانی دیموکرات و سوپای پاسداران هاتبووە ئاراوە، حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

لەو پێوەندییەدا شەش کەسی دیکەی ئەو پەروەندەیەش حوکمی قورس و بەندکرانی درێژماوەیان بەسەردا سەپاوە.

بەگوێرەی ئەوحوکمە داسەپاووانە، هەرکام لە حاسڵ عەزیزی بە ٢٥ ساڵ، محەممەد زاهیر فەرامەرزی بە ٢٠ ساڵ، یەعقووب بائەکرەم بە ١٥ ساڵ، جەلال مەسرووی بە ١٥ ساڵ، کەماڵ مەسرووری بە ١١ ساڵ و سەدیق بائەکرەم بە ١٠ ساڵ زیندان،حوکم دراون.

ئەو ٧ کەسە مانگی پووشپەڕێ ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون و نزیک بە دوو مانگ پێش بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کرابوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە