ئێعدام دە مێژوودا (بەشی یەکەم)

٢٤ ڕێبەندان ٢٧١٧، ٢٣:٢٦

نووسین: سۆران کەرباسیان

لەگەڵ هاوکاری هونەرمەندی شێوەکار: دیاکۆ

پێشەکیی. 1

پێشەکییەک لەمەڕ هونەر دە ئەم پڕۆژەیەدا 4

میر عێزەدین شێر 8

میر سەیفەدینی سۆران. 12

پێشەکیی

بە هۆکاری جۆراوجۆر کە کەمتەرخەمی کوردەکان یەک لە ئەوان دەژمێردرێت، چەتوونە کە بە متمانەوە بێژین کامە ڕامیاری کورد بۆ یەکەمجار لەسەر خەبات بۆ ئازادی و سەربەستی نەتەوەکەی ئێعدام کراوە. بوونی ئەنیستیتۆیەکی تایبەت بەم پرسە دەتوانێت یارمەتییەکی زۆر بە کۆکردنەوەی زانیاری و ئەنجامی لێکۆڵینەوە بکات. گەییشتن بە وەڵامی سەدان پرسیار لەسەر ئێعدامی سیاسی کوردەکان پێویستی بە سەرمایەی مرۆڤی و مادی هەیە. ئەوە کە هەستاندنی مافی ئازادی و ژیانێکی سانا و سەربەست هێشتا لەم زەمەنەدا بەرانبەر کوردەکان ڕوو دەدات، نیشانەی ناژیاری و بێشەرمی ئەم کۆمەڵگای جیهانییە کە گەندەڵکارانە چاویان لە کوشتاری مافی کوردەکان قووچاندووە. کوردەکان بە هەبوونی ئەم هەموو گرفت و چەڵەمانە پێویستییان بە بەخۆداچوونەوەیەکی جددی هەیە، چون ماقووڵ نییە دە نێو نەتەوەیەکی چل-پەنجا ملیۆنی‌دا تەنیا بەشێکی کەمیان بە جددی هەنگاو بۆ ئازادی و مسەوگەرکردنی مافەکانیان هەڵهێننەوە.

پێداچوونەوە بە مێژوو و چەشنی ئێعدامی ڕامیارانی کورد دە زەمەن و شوێنی جیاوازدا دڵتەزێن و هەژێنەرە. لەبەرچاو بگرن کە تاکێکی کورد لە لایەن داگیرکەرانی کوردستان‌ەوە بە زیندوویی لەسەر ئاگر ببرژێنن و هەموو گۆشتی کەبابکراوی جەستەی بخۆن. یان ئازادیخوازێکی کوردیان گرتووە و دە مەنجەڵدا کوڵاندوویانە و پاش ئەوە کە گۆشتەکەیان خواردووە، ئێسک و پرووسکەکەیان بە سەگ و پشیلە و مناڵانی هەتیوی برسی بەخشیوە.

زانین لەسەر هەڵس و کەوتی داگیرکەران بەرانبەر کوردە ئازادیخوازەکان دە زەمەنی جۆراوجۆردا مرۆڤ تووشی ڕامانێکی قووڵ دەکات. دە زەینی مرۆڤێکی ساخدا ناگونجێت کە چلۆن دەکرێت تا ئەو ڕادەیە ویژدان وەژێر پێ بخرێت و بەو شێوە دڵتەزێنانە مافی ژیان لە کوردێک بستێنن کە خوازیاری مافی مرۆڤی خۆیەتی! بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مێژوویە کە پڕی ناعەداڵەتی و جەنایەت دژی مرۆڤایەتییە، جێگەی سەرسوڕمانە کە سزای ئێعدام دە قانوونی سزای حکومەتی هەرێمی کوردستان‌دا بوونی هەیە. بەم هیوایە کە ئەو حکومەتە کە نوێنەرایەتی بەشێک لە نەتەوەی کورد دەکات، خۆی لە سیستەمە جەنایەتکارەکانی ناوچە زۆرتر جیا بکاتەوە و ئەم سزا نامرۆڤییە لە قانوون بسڕنەوە.

بە پێی ئەو سەرچاوە کەونانەی کە هەتا بە ئێستا خوێندوومنەوە، یەکەم ئێعدامی ڕامیارانی کورد دە ساڵی ١٥٣٤ی زایینیدا ڕوویدابوو. ڕەنگە لەسەر ئەمە هەندێک کەس هەبن کە ئاماژە بە ئێعدامی کوردێک بکەن کە پێش ساڵی ١٥٣٤ی زایینیی بۆ وێنە لە لایەن ترکانی عوسمانی‌یەوە ئێعدام کرابێت، بەڵام دە ئەم نووسینەدا تەنیا ئەو ئێعدامکراوانە لەبەرچاو گیراون کە لەسەر مافی ئازادی کوردەکان سزا درابێت، ئەگینا ناوی ژمارەیەک کورد دە مێژوودا هاتوون کە پاش عومرێک خزمەت بە داگیرکەران و خەیانەت بە نەتەوەکەیان، دە کۆتاییدا لە لایەن داگیرکەرانەوە لەسەر کێشەیەک ئێعدام کراون. کوشتنی ئەو جۆرە کەسانە لە لایەن داگیرکەرانەوە لەسەر فکری کوردبوون نەبووە و هەربۆیە لەم پڕۆژەیەدا بەسەرناکرێن.

دە مێژووی کەونی کوردەکاندا کۆمەڵێک سەرچاوە و بەردنووس هەن کە ئاماژە بە کوشتن و ئێعدامی کوردەکان دەکەن، بەڵام ئاماژەکان بە شێوەیەکی گشتی ئەنجامدراون. ئەم جۆرە کەیسە مێژووییانە دەکرێت دە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی دیکەدا بەسەر بکرێنەوە. کەمبوونی زانیاری لە کۆی باسەکان وەک کوشتاری سیاسی کوردەکان و دە هەندێک دۆخدا کوشتاری بە کۆمەڵی کوردەکان دە مێژووی کۆنی کوردەکاندا  دەتوانێت وێنەیەکی گشتیی لەمبارەوە بە دەستەوە بدات، بەڵام ئەم جۆرە باسانە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی بەربڵاو و گرووپی هەیە و پێویستە لە سەرچاوەکانی کۆمەڵێک نەتەوە و زمانی دیکە کەڵک وەربگیردرێت.

دە ئەم زنجیرە مژارانەدا کە بە هاوکاری هونەرمەند کاک دیاکۆ دادگەر ئامادە دەکرێن، ئەو کەیسە لە ئێعدامی ڕامیاران و ئازادیخوازانی کورد بەسەر دەکرێنەوە کە مێژوو و ناویان دە زەینی کوردەکاندا جێگەی تایبەتییان هەیە. بە دڵنیاییەوە دە کۆی ئەم پڕۆژەیەدا لاوازی دەبینرێت، بەڵام لاوازییەکان بۆ کەمتەرخەمی یان نەبوونی ئێتیک دە لێکۆڵینەوەدا ناگەڕێتەوە. بەم هیوایە کە دە داهاتوودا بۆشاییەکانی ئەم کارە لە لایەن کەس یان کەسانێکی دیکەوە پڕ بکرێنەوە بۆئەوەی وێنەیەکی دروستترمان لەسەر ئێعدامی ڕامیارانی کورد دە مێژوودا هەبێت. دە هەڵبژاردنی کەیسەکاندا هەوڵ دەدرێت هەموو ئەو وێنانە بەسەرکرێنەوە کە دە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان‌دا ڕوویانداوە و هیچ فەرق و جیاوازیدانانێک دە ئارادا نییە. پڕۆژەی ئێعدامی ڕامیارانی کورد هەر بەو جۆرە باسی ئێعدامی سەرۆککۆماری کوردەکان )قازی موحەممەد( بەسەر دەکاتەوە کە کەیسی ئێعدامی یۆسف زیاد لە بەتلیس بەسەر دەکرێتەوە. هیچ دوور نییە کە لە پەنای لەسێدارەدانی کەسانێکی وەک دوکتوور فواد لە دیاربەکر یان لەیلا قاسم لە بەغدا کۆمەڵێک ئێعدامی دیکەی کوردەکان بەڕێوەچووبێت، بەڵام یان ئێمە لە کەیسەکەیان نائاگاین، یان ئەوە کە دە تۆمارکردنی مێژوو و خەباتیاندا کەمتەرخەمی کراوە. بەم هیوایە کە دە داهاتوودا زانیاری زۆرترمان لەسەر ئەم بەشە دەگمەنە لە ئازادیخوازانی کورد هەبێت کە بۆ وەدیهاتنی مافی ئازادی و سەربەستی کوردەکان گیانی خۆیان لەدەستدا.

پێشەکییەک لەمەڕ هونەر دە ئەم پڕۆژەیەدا

پڕۆژەی ئێعدام دە مێژوودا باس لە مێژوو و چۆنییەتی ئێعدامی کۆمەڵێک لە کوردە سیاسییەکان دەکات کە پاراستنیان وەک میراتێکی نەتەوەیی بایەخی تایبەتیی هەیە. یەک لە گرفتەکانی بەرچاوی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە کە لەسەر بەشێکی بەرچاوی ئێعدامەکان وێنەیەک لەبەردەستدا نییە. وێنە کاریگەری بەهێزی هەیە و یارمەتیدەر دەبێت کە مێژوو لەبیرنەکرێت. لەسەر ئەم بنەمایە بۆ من گرنگ بوو کە ئەم بەسەرهاتانە لە ڕێگەی وێنە دە زەینەکاندا زیندوو ڕابگیردرێت. بۆ ئەم مەبەستەش بەر لە دەستپێک لەگەڵ هونەرمەند کاک دیاکۆ سەبارەت بە ئەم پڕۆژەیە قسەمکرد. بەختەوەرانە ئەو هونەرمەندە گەنجە وەکی هەمیشە بە باوەشێکی گەرمەوە پێشوازی لە پێشنیارەکەم کرد و وا ساخ بووینەوە کە بابەت بە بابەت بە یەکەوە کارەکان بەرەو پێش بەرین.

پێشتر لەسەر هونەری کاک دیاکۆ و جۆری تێڕوانینی چەند مژارێکم نووسیوە. مرۆڤ بە سانایی دەتوانێت لە پێرسپێکتیڤی جۆراوجۆرەوە لە بەرهەمەکانی ورد ببێتەوە. لایەنی سەرنجڕاکێشی کارەکانی ئەو دەوەدا دەبینم کە هەتا زۆرتر لێوردبوونەوە لە بەرهەمەکانی بکەم، زۆرتر لەگەڵ چۆنییەتی بیرکردنەوەی ئەو ئاشنا دەبم. زەینی کاک دیاکۆ بە پێی کەیس و دۆخی جۆراوجۆر ئاڵوگۆڕ بە خۆیەوە دەبینێت و دە بەرهەمەکانیدا دەدرۆشێنەوە. کارەکانی ئەو سەبارەت بە ئێعدامی سیاسیی کوردەکان وەڵامدەری کۆمەڵێک پرسیارن کە لەسەر مێژووی ئێعدامەکان دە زەینی مرۆڤدا ساز دەبن.

هەرکام لە بەرهەمەکان جیا لەوە کە مێژووی ئێعدامێک زیندوو دەکەنەوە، توانایی و بەهێزبوونی بیرکردنەوەی هونەرمەند نیشان دەدەن. ئەم پڕۆژەیە بریتی لە کۆمەڵێک بەسەرهاتی تاڵ و دڵتەزێنە و هونەرمەند بە شێوەیەکی دەگمەن ئەو کەرامەتە دەپارێزێت  کە شایەنی مێژووی ئێعدامکراوانی سیاسیی کوردە.

هونەر هەر وا بە سانایی ناتوانێت دە خزمەت پرسێکی جددی وەک پرسی کورددا بێت. هونەرمەندێک کە گەرەکی بێت هزر و هونەری خۆی تەرخانی پرسی کورد بکات، بەر لە هەر شتێک دەبێ لێوردبوونەوە و ناسینێکی باشی لە ئازارەکانی کورد هەبێت. لە تەنیشت ئەمە ناسینی کۆمەڵگای کوردەواری و تایبەتمەندییەکانی لۆکاڵی دەتوانێت یارمەتییەکی زۆرتر بە گونجاندنی هونەر بۆ باشتر وێناکردنی پرس و ئازارەکان بکات. مێژووی ئێعدامەکانی نێو ئەم پەرتووکە پێوەندی بە زەمەنی جۆراوجۆری مێژووی ڕامیاری کوردەکانەوە هەیە و هەربۆیە ناسینی کۆمەڵگای کوردەواری دە زەمەنی جۆراوجۆر و لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگا یارمەتیدەر دەبن کە هونەرمەند باشتر مێژووی ئەو ئێعدامانە وێنا بکات.

دژواربوونی هونەرمەند دە پڕۆژەی ئێعدام دە مێژوودا دە جیاوازبوونی ڕووداوەکان و زەمەن و ناوچە و چۆنییەتی ڕووداوەکاندا دیارە و هەربۆیە توانایی هونەرمەند دەو شوێنەدا دەردەکەوێت کە ژیرانە بەرهەمی جیاواز بۆ هەرکام لە ڕووداوەکان دادەڕێژێت. خاڵێکی دیکە کە لەم پڕۆژەیەدا دەستی هونەرمەند تا ڕادەیەک دەبەستێتەوە ئەوەیە کە بەهۆی دڵتەزێنبوونی مێژووی ئێعدامەکان، دەکارگرتنی زۆر ڕەنگی شاد نادروست دەبێت و هەربۆیە سنوورێکی دیاریکراوی دیکە کاری هونەرمەند دژوارتر دەکات. ئەم جۆرە کەیسانە هەستیارن و هەربۆیە نووسین لەسەریان پێویستی بە سەرنج و وردبینییەکی زۆر هەیە. هونەرمەندیش کە شان بە شانی ئەو مێژوویە وێناکردنی مێژوو وەئەستۆ دەگرێت، دە چوارچێوەی هەستیاربوونی پرسی ئێعدامی سیاسیی کوردەکان‌دا گەمارۆ دەدرێت و هەربۆیە ڕێگە بۆ مانۆڕێکی سەربەست و بێسنوور دە داڕشتندا نییە. هونەر دە کاتێکدا سیمای جوانی خۆی دەردەخات کە پەیامێکی ئەرێنی بۆ کۆمەڵگا هەیە و لای کوردەکانیش جوانی ئەو سیمایە دە کاتێکدا زۆرتر خۆی دەردەخات کە هونەری هونەرمەند سەرنجەکان بۆ لای پرسی کورد ڕادەکێشێت.

بە بڕوای من هونەری شێوەکاری دە پڕۆژەی ئێعدامی سیاسیی کوردەکاندا بە کۆمەڵێک فاکتەری دیکە گرێیخواردووە کە مەودای مانۆڕلێدان بۆ هونەرمەند بەرتەسکتر دەکاتەوە. دوو جۆرە ڕیتم دەبێ دە بەرهەمەکانی هونەرمەند بۆ پڕۆژەیەکی ئاوادا بوونی هەبێت. یەکیان ڕیتمێک کە بەرهەم دەبێ لەگەڵ بابەتی پێوەندیدار هەیبێت و ئەوی دیکەش ڕیتمێک کە دەبێ لەگەڵ کۆی گشتیی بابەتەکان و باقی بەرهەمەکانی دیکە هەیبێت. دێرەدا پێویستییەک بۆ باڵانسیش دێتە پێش و دەبێ ئەو باڵانسە لە نێوان بەرهەمەکاندا بوونی هەبێت. هونەرمەند ئەرکێکی زۆر گەورەی وەئەستۆ گرتووە و ئەویش بەخشینی هەستێکی گەرم و مرۆڤییە. هونەرمەند دەبێ دە کۆی کارەکاندا شانازیکردن بە کوردبوون نیشان بدات و ئەو هەستە لای بینەریش بڵاو بکاتەوە، چون ئێعدامکراوانی سیاسیی کورد لەسەر پاراستنی کەرامەتی نەتەوەیی کوردەکان و خەبات بۆ وەدیهاتنی ئازادی ئەوان ئێعدامکراون نەک لەسەر پرسێکی شەخسی.

کۆنتراستی نێو هەرکام لە بەرهەمەکان و لەچاو کۆی بەرهەمەکان دە ئەم پڕۆژەیەدا بە هەمان شێوە گرنگە، چون وێڕای جیاوازبوونی کەیسی ئێعدامەکان، پێویستی بە بوونی پێوەندییەک نێوان بەرهەمەکان هەیە کە لەبەرچاوگرتنیان دەتوانێت پەرە بە یەکگرتوویی و هەستی هاوبەش بدات. دەکرێ لێکدانەوەی جیاواز لە بەرهەمەکان و جۆری دەکارگرتنی ڕەنگەکان و زۆر خاڵی دیکە بکرێت، بەڵام ڕامان لە بەرهەمەکان پەیامێکی گشتیی بڵاو دەکەنەوە کە پێداگرتن لەسەر کوردبوون و درێژەدان بە خەباتێکە کە دەبێ بە ئامانج بگات. ئامانج بەختەوەری و حەسانەوەی کوردەکانە.

من جیا لەوە کە هەستم کردووە دەتوانم بە سانایی لەگەڵ هونەرمەند کاک دیاکۆ کار بکەم و لام وایە مرۆڤێکی هێژایە، ئەو تایبەتمەندیانەم دە کارەکانی ئەودا بینیوە کە بە کورتیی ئاماژەم پێ کردن. هیوادارم کارەکانی ئەم هەنوەرمەندە لە ڕوانگەی جۆراوجۆری هونەری، کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژییەوە شرۆڤە بکرێن. شرۆڤە و ڕەخنەی جددی کاریگەری ئەرێنی لەسەر کارەکانی داهاتووی دەبێت.

میر عێزەدین شێر

بە پێی ئەو سەرچاوانەی کە تا ئێستا بینراون، میر عێزەدین شێر یەک لەو کوردانە بوو کە لەسەر فکری کوردبوون و خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورد لە لایەن ترکانی عوسمانی‌یەوە ئێعدامکرا. میر عێزەدین شێر  کوڕی میر عیسای سۆرانی کوڕی شا عەلی بەگی کوڕی میر عیسای کوڕی میر کڵوس بوو. حکومەتی ئەو میرە سۆرانی‌یە دە دۆخێکی باشدا بوو، بەڵام سوڵتان سولەیمانی عوسمانی بە بوونی میر عێزەدین شێر کەیفخۆش نەبوو و خوازیار بوو کەسێکی گوماشتەی خۆی جێگەی ئەو لە هەولێر بگرێتەوە. دەو سەردەمدا چەندین سەرۆکهۆزی کورد هەبوون کە بە تەواویی ملکەچی سوڵتانی عوسمانی بوون و لەسەر ئەمر و ویستی سوڵتان دژایەتی میر عێزەدین شێری سۆرانیان دەکرد. سوڵتانی عوسمانی لەسەر ئەو سیاسەتەی بەردەوام بوو و توانی لە ڕێگەی پیاوەکانییەوە میر عێزەدین ئێعدام بکەن و گەنجینەکەشیان لێ بە تاڵان برد.

یەک لە کێشە جددییەکانی میر عێزەدین شێر ئەو گرفتە بوو کە بە بەردەوامیی بەرۆکی نەتەوەی کوردی گرتووە. نەبوونی تەبایی دە نێوان هێز و لایەنی جۆراوجۆری کوردستان‌دا هەرکات لە هۆکارە هەرە کاریگەرەکانی ناسەرکەوتوویی سیاسیی کوردەکان ژمێردراوە و دەکرێ وەک میراتێکی تاڵ ناو بهێنرێت، چون بە گشتیی ناتەبابوون دە نێوان سەرۆکەکانی کورددا دە زۆربەی زەمەنەکانی مێژووی چەندین هەزار ساڵەی کوردەکان‌دا هەبووە و نەیانتوانیوە لەسەر کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش کە پێوەندییان بە بەرژەوەندی گشتیی کوردەکانەوە هەیە هەتا گەییشتن بە ئامانج ساخ ببنەوە.

دەو زەمەنیشدا کە میر عێزەدین شێر میری هەرێمی سۆران بوو، کۆمەڵێک سەرۆک عەشیرە هەبوون کە چاویان بە پێگە و سەرکەوتنی ئەو هەڵنەدەهات و ئامادە بوون بۆ شکەستهێنانی ئەو تەنانەت لەگەڵ هێزێکی نەیار هاوکاری بکەن.

حکومەتی میر عێزەدین شێر خاوەن کۆمەڵێک تایبەتمەندی بوو کە هەڵسەنگاندنیان بە پێی زەمەن، دەگمەنبوون و ژیاری ئەو حکومەتە پێناسە دەکەن. گرنگە کە ئەمە بگوترێت کە میر عێزەدین شێر شەڕعیەتی لە سوڵتانی عوسمانی وەرنەدەگرت و پێگەی بەهێزی حکومەتەکەی بۆ ڕەزامەندی کوردەکانی هەرێم دەگەڕاوە. تەنانەت سوڵتانی عوسمانی هیچ کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی میر عێزەدین شێر بۆ گەییشتن بە دەستهەڵات نەبوو. میر عێزەدین شێر فۆڕمی حکومەتەکەی بۆخۆی داڕشتبوو و بایەخی بە قانوون و ڕێساکانی سوڵتانی عوسمانی نەدەدا. ئەو کۆمەڵێک مرۆڤی زانا و هێژا و مەلای چاک هەڵبژاردبوو و لە کۆی ئەو کەسانە گرووپێکی ڕاوێژکاری پێکهێنابوو. هیچ فکرێکی میر عێزەدین شێر بەبێ هەڵسەنگاندن و ڕاوێژی ئەو گرووپە بە پڕۆسەی پڕاکتیک نەدەگەییشت. دەو زەمەندا مزگەوت و تەکیە تەنیا شوێنی فێربوونی زانست بوون و میر عێزەدین شێر سامانێکی زۆری خەرجی چێکردنی ئەو جۆرە پێگەیانە کرد. دوکانی زۆری سازکرد بۆئەوەی کارئاسانی بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا بکات. لەم بارەوە هەم پیشەیەکی زۆری پێکهێنا و هەم ئەوە کە وەدەستکەوتنی کاڵا بۆ شارومەندان ساناتر ببوو. میر عێزەدین شێر توانی دە ماوەی حکومەتداری خۆیدا خزمەتێکی زۆر بە پەرەسەندنی کشت و کاڵی هەرێمی ژێر دەستهەڵاتی خۆیدا بکات و جگە لەوە کە کۆمەڵێک کورد دەو بەشەدا بە کار سەرقاڵ بوون، هەنگاوی جددی بۆ سەربەخۆیی ئابووری ناوچەکە هەڵهێنا. ئاسەواری خزمەتەکانی میر عێزەدین شێر هەتا ئێستاش لەسەر خاکی کوردستان ماون و بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بە مەدرەسەی سۆران لە شاری کەرکووک بکرێت کە زۆر سەرچاوە دامەزرانی ئەو مەدرەسەیە بۆ سەردەمی حکومەتی ئەو دەگەڕێننەوە.

دە ڕاستیدا سوڵتانی عوسمانی هیچکات نەیتوانی لە ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی ڕوولەڕوو شکەست بە میر عێزەدین شێر بهێنێت و هەربۆیە ئێعدامی ئەو سەرکردە کوردەیان لە ڕێگەی خنکاندنییەوە دە کاتێکدا بەڕێوەبرد کە بانگهێشتی سەر سفرەی خۆیان کردبوو. نەبوونی ئەخلاقی سیاسی لای سوڵتانی عوسمانی دەم شێوە کوشتنەدا بە جوانیی دەردەکەوێت و دەو کاتەدا ئەو تایبەتمەندییەی سوڵتانی عوسمانی بە لوتکە گەییشت، کە پاش کوشتنی میر عێزەدین شێر هەموو ئەو زانا و مەلا چاکانەیان کوشت کە ڕاوێژکار و کەسانی جیمتمانەی میر عێزەدین شێر بوون.

سەرچاوەکان:‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌

  • • حەمید گەردی، پوختەی مێژوونامە، چاپی یەکەم، ئاراس، هەولێر ٢٠٠٤
  • • هاوڕێ باخەوان، هاوڕێنامە بۆ مێژووی کوردستان و کورد، چاپی یەکەم، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی ١٩٩٩
  • • عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، کوردستان لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا، چاپی یەکەم ، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر ٢٠٠٤
  • • درەختی بنەماڵەیی میرانی سۆران لە کوردیپێدیا
  • • سەعد بەشیر ئەسکەندەر، سەرهەڵدان و ڕوخانی سیستەمی میرنشینی لە کوردستان، وەرگێڕانی جەوهەر کرمانج، چاپی یەکەم، چاپخانەی داناز، سلێمانی ٢٠٠٤
  • • م. ڕەسوڵ هاوار، کورد و باکووری کوردستان لە سەرەتای مێژووەوە هەتا شەڕی دووهەمی جیهان، چاپی یەکەم، چاپخانەی خاک، سلێمانی ٢٠٠٠
  • • میر شەڕەفخانی بدلیسی، شەڕەفنامە، وەرگێڕانی هەژار موکریانی، چاپی پێنجەم، چاپەمەنی پانیز، تاران ٢٠٠٩
  • • سید علی اکبر خطایی، خطای نامە، چاپ اول، مرکز اسناد فرهنگی آسیا، تهران ١٣٧٢
  • • World Statesmen, Kurds, Emirs of Soran
  • • Martin van Bruinessen، Agha, Shaikh and State: The Social and Political Structures of Kurdistan. London: Zed Books, 1992

لەژێرەوە وێنەی ئەو بەرهەمە دەبینن کە هونەرمەند کاک دیاکۆ تایبەت بە ئێعدامی میر عێزەدین شێر کێشاوییەتەوە.

وەک دەبینن هونەرمەند کاک دیاکۆ دە ئەم بەرهەمەدا هەوڵیداوە جوگرافیای کوردستان بە هەندێک تایبەتمەندییەوە وێنا بکات. دراوسێکانی کوردستان کە هەرکات بە تێزی داگیرکارانە و تاڵان و ناعەداڵەتییەوە سەیری کوردستانیان کردووە بە ڕەنگی ڕەش و مات دەستنیشان کراون. لەسەر سنووری کوردستان داری ئێعدام دیارە و دە خاکی کوردستان‌دا بوونی شارستانییەتێک دەبینرێت کە بەردەوام لە لایەن نەیارانەوە خەوشەدار بووە.

میر سەیفەدینی سۆران

میر سەیفەدین میری سۆران یەک لەو سەرۆکە کوردانە بوو کە دە ڕێکەوتی ٧ی ٩ی ١٥٥٩ی زایینیدا لە لایەن ترکانی عوسمانی‌یەوە لە سێدارە درا.

ڕەچەڵەکی میر سەیفەدینی سۆران و هۆزەکەی وەک میر عێزەدین شێری سۆران بۆ میر کڵوس و میر عیسای کوڕی دەگەڕێتەوە. بە پێی نووسراوەکانی شەڕەفخانی بدلیسی و درەختی بنەماڵەیی میرانی سۆران، میر سەیفەدینی سۆران کوڕی میر حوسێن کوڕی پیربداغ کوڕی شا عەلی بەگ کوڕی میر عیسا کوڕی میر کڵوس بوو. جوامێری و ئازایەتی ئەو پێگەیەکی تایبەتی بۆ ئەو لە لای کوردەکان پێکهێنابوو و لەو سەرۆکانە بوو کە بە دژی ئەو دەستهەڵاتدارانە وەستا کە ملکەچی سوڵتانی عوسمانی بوون.

پاش شەڕی چاڵدێران پێکهاتنێک دە نێوان دەوڵەتی عوسمانی و میرنشینە کوردییەکان‌دا ڕوویدا. لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دوو لایەنە وا ڕێککەوتبوون کە میرنشینە کوردییەکان دە کار و باری خۆیاندا سەربەخۆ بوون. دەوڵەتی عوسمانی توانایی لەناوبردنی ئەو دەستهەڵاتە کوردییانەی دە درێژخایەندا هەبوو، بەڵام بەهۆی ئەوە کە دژایەتی دەوڵەتی سەفەوی لە سەرووی سیاسەتەکانی دەوڵەتی عوسمانی‌دا بوو، هەربۆیە دەوڵەتی عوسمانی لای باشتر بوو کە لە ڕێگەی کوردەکانیشەوە زۆرتر لەسەر لاوازبوونی سەفەوییەکان کاریگەر بێت. مێژووی شەڕی نێوان ئەو دوو دەوڵەتەش و هاوبەرەبوونی کوردەکان لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی لە دژی سەفەوییەکان ئەم مێژوویە پشتڕاست دەکات. ئەوەی کە دە دواییدا ناوچە کوردستانییەکانیش وەکی ماڵیات بۆ دەوڵەتی عوسمانییان دەنارد، دە سەرەتادا وەک دیاری دەنێردرا و لەژێر ناوی باج و ماڵیات نەبوو.

هەر لەسەر بنەمای ئەو هێزە بوو کە میرنشینە کوردییەکان دەستهەڵاتی ئەوەیان هەبوو کە شەڕعیەتی خۆیان بە زۆرینە لە خەڵکی کورد وەربگرن. سکەی تایبەت بە خۆیان سازکردبوو و قازی و موفتی هەرێمە کوردییەکانیش هەر لە لایەن خودی کوردەکانەوە هەڵدەبژێردرا. جیا لەم فاکتەرانەی کە پێناسەی سەربەخۆیی سیاسیی ئەو هەرێمانەی دەکرد، میرە کوردەکان خۆیان لە ئاوەدانکردنی هەرێمی خۆیاندا و دابینکردنی بودجەی تایبەت بۆ سازکردنی مزگەوت، تەکیە، مەدرەسە و دووکان و بازاڕ بڕیاردەر بوون. ڕەنگە گەر کێشەی نێوخۆیی کوردەکان دە ئارادا نەبوا، هیچکات سوڵتانی عوسمانی هەوڵی دنەدانی چەند کوردێکی ملکەچی دژ بە میرە کوردەکان نەدابا، چون دە زۆر وێنەی مێژووییدا دەبینرێت کە عوسمانییەکان نەیانویستووە خۆیان ڕاستەوخۆ هێرش بکەنە سەر میرنشینە کوردییەکان و خۆیان وەک دۆست، هاوپەیمان و هاودینی کوردەکان نیشان دەدا. نەبوونی تەبایی نێوان کوردەکان پاش شەڕی چاڵدێڕان وەک تاقە ئاڵتێڕناتیڤی عوسمانییەکان دێتە بەر چاو بۆئەوەی لەو ڕێگا ڕا هەوڵی ملکەچکردنی دەستهەڵاتە کوردییەکان بدەن و دە دواییشدا هەر کێشە نێوخۆی کوردەکان بوو کە هەلی لەناوچوونی یەک بە دوای یەکی دەستهەڵاتە میرنشینییەکانی کوردی رەخساند.

دە کاتێکیشدا کە میر سەیفەدینی سۆران خوازیار بوو هەنگاوی باش بۆ ئاوەدانکردنی زۆرتری هەڕێمی سۆران هەڵهێنێتەوە و دەستهەڵاتی کوردەکان دەو ناوچەیەدا بەهێزتر بکات، سەرۆکهۆزێکی کورد بە ناوی حوسێن بەگ لە دژی میر سەیفەدینی سۆران  دەستی بۆ چەک درێژ کرد و گەرەکی بوو لە ڕێگەی سەرکوتکردنی میر سەیفەدینی سۆران‌ەوە خزمەتکاربوونی خۆی بۆ دەوڵەتی عوسمانی بسەلمێنێت.

شەڕ و پێکدادانی نێوان ئەو دوو لایەنە دە سەرەتادا بە سەرکەوتنی حوسێن بەگ کۆتایی پێ هات. میر سەیفەدینی سۆران هەوڵی دا لە ڕێگەی ئەردەڵانییەکانەوە دەستهەڵات لە حوسێن بەگ بستێنێت، بەڵام پاش ئەوە کە ئەردەڵانییەکان پاڵپشتییان لێ نەکرد، میر سەیفەدینی سۆران بەرەو ناوچەی سۆران گەڕاوە و توانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتیی کوردەکان، بەشێکی زۆر لە تایفە کوردییەکانی هەرێم لەگەڵ خۆی بخات.

دە ڕووبەڕووبوونەوەی دووهەمجاردا میر سەیفەدینی سۆران توانی بە تەواوی هێزی حوسێن بەگی سەر بە عوسمانییەکان تێکبشکێنێت. حوسێن بەگی داسنی کە دە هەرێمدا پێگەیەکی نەمابوو، لە لایەن سوڵتانی عوسمانییەوە بۆ ناوەند داوا کرا و لەوێش پاش ئەشکەنجەیەکی زۆر سەریان بڕی. هەژار موکریانی ئەم بەسەرهاتەی حوسێن بەگی داسنی بەمجۆرە شێعراندووە:

کەسێ هاوکاری زۆرداران بوو پیــــشەی    دەسی زۆردار بە بیور دای لە ڕیـــشەی

کە تاژی ڕاوی پێ نەکرا و شەکەت بـوو     لە لای ڕاوکەر لە ژێردارا سەکەت بــــوو

کەوێک هاوخوێنی خۆی بێنێتە سەر داو     نە دوورە خێوی، خۆی لێنێ بە شۆرباو

لە پاش ئەو سەرکەوتنەی میر سەیفەدینی سۆران، سوڵتانی عوسمانی دیسان حەزی نەکرد کە خۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەستهەڵاتی هەرێم شەڕ بکات و هەربۆیە چەند سەرۆکهۆزێکی دیکەی دژ بە میر سەیفەدینی سۆران هاندا، بەڵام هێرشی ئەوانیش دە بەرانبەر هێزی میر سەیفەدینی سۆران‌دا تێکشکان. هەوڵی دەوڵەتی عوسمانی بۆ لەناوبردنی دەستهەڵاتی میر سەیفەدینی سۆران بە ئامانج نەگەییشت و هێزە هاندراوەکانیش بە دۆڕاویی پاشەکشەیان کرد. پاش ئەو سەرکەوتنەی میر سەیفەدینی سۆران و هێزە هاوپەیمانەکانی دە کوردستان‌دا بواری ئەوە ڕەخسا بۆئەوەی بتوانن دەست بە ئاوەدانکردنی هەرێم و خاوێنکردنەوەی دەستهەڵات لە هێزی ناپاک بکەن.

سوڵتانی عوسمانی کە نەیتوانی لە ڕێگەی سەرۆکهۆزە ملکەچەکانەوە چۆک بە میر سەیفەدینی سۆران‌دا بهێنێت، دە دواییدا لە ڕێگەی یەک لە دۆستە کوردەکانی بە ناوی غازی قڕان (یۆسف بەگی برادۆست) توانی میر سەیفەدینی سۆران ڕازی بکات بۆئەوەی لەگەڵی دابنیشێت.

سوڵتانی عوسمانی بانگهێشتی میر سەیفەدینی کرد و بەڵێنی بەستنی پەیمانێکی بە میر سەیفەدین دا کە بازرگانی و پێوەندی دیپڵۆماتیکی دۆستانەی نێوانیان لە خاڵە سەرەکییەکان بوو. لە ڕوانگەی میر سەیفەدینی سۆران‌ەوە ئەو پەیمانە دەیتوانی ئاشتی دە ناوچەکەدا سەقامگیر بکات. جیا لەوە بەستنی پەیمانێک لەو چەشنە ڕاستەوخۆ بە واتای بەفەرمیناساندنی سەربەخۆیی دەستهەڵاتی میر سەیفەدینی سۆران لە لایەن دەوڵەتی عوسمانی‌یەوە بوو. هەر لەسەر بنەمای ئەو بەرژەوەندی و قازانجەوە بوو کە میر سەیفەدینی سۆران قبوڵی پێشنیاری غازی قڕانی کرد و بانگهێشتی سوڵتانی عوسمانی پەژراند. دەو کاتەدا کە میر سەیفەدینی سۆران وەک میوانێک و لەسەر بانگهێشتی دەوڵەتی عوسمانی پێی نایە نێو دەستهەڵاتی عوسمانی، هێزی دڕەندەی عوسمانی ڕژانە سەری و پاش ئازاردانی ئێعدامیان کرد. ڕۆژی ٧ی ٩ی ١٥٥٩ی زایینیی میر سەیفەدینی سۆران ئێعدامکرا و ناوی وەک ڕێبەڕێکی ژیری نەتەوەیی کوردستان دە مێژوودا تۆمار بوو. ترکە عوسمانییەکانیش بۆ جارێکی دیکە بێئەخلاقی سیاسیی خۆیان بۆ کوردەکان سەلماند. بێئەخلاقی داگیرکەران دە زۆر زەمەنی مێژوودا بەو شێوەیە چەندپاتە بووە و لە وتووێژ و دانیشتنی دیپڵۆماتیک وەک ئامرازێکی تێڕۆر کەڵکیان وەرگرتووە. ئەم مێژوویە کەیسی تێڕۆڕی سمکۆی شکاک و د. قاسملوو دە زەینی کوردەکاندا زیندوو دەکاتەوە. لەم نموونانە دە مێژووی کوردەکان‌دا زۆر هەبووە کە بە مەبەستی ئاشتیخوازانە لەگەڵ دوژمنەکانیان دانیشتنیان کردووە و لە لایەن ئەوانەوە تێڕۆر کراون.

‌لەژێرەوە وێنەی ئەو نەقاشییە دەبینن کە هونەرمەند کاک دیاکۆ تایبەت بە ئێعدامکردنی میر سەیفەدینی سۆران کێشاوییەتەوە. کاک دیاکۆ سەبارەت بە مێژووی ئەو ئێعدامە و نەقاشییەکە نووسیبووی: داری زوڵم و خەیانەت بە بێ ناسیاو هەڵنادرێت.

cof[/caption]

ئاساییە کە مرۆڤەکان خوێندنەوەی جۆراوجۆریان لەسەر بەرهەمێکی هونەری هەبێت. ئەوەی کە من دە ئەم وێنەیەدا دەیبینم، پێوەندییەکی بەرچاوی نێوانی ئێعدامکردنی میر عێزەدین شێر و میر سەیفەدینی سۆرانە. وێکچوونێکی زۆریش دە ناوبەری ئەو دوو کەیسە ئێعدامەدا هەبوو. گەر خەیانەتکارانی نێوخۆیی دەستی هاوکارییان بۆ داگیرکەری عوسمانی درێژ نەکردبا، سەرکەوتن بەسەر ئەو دوو سەرۆکە کوردە سانا نەدەبوو. هەر دووک سەرکردەش بە مەبەستی ئاشتی و سەقامگیرکردنی هێمنی و ئاسایش میوانبوونی دەوڵەتی ترکیان قبووڵکرد، کەچی سەردەمدارانی ترک بە دوور لە هەر چەشنە ئەخلاق و پرەنسیپێکی دیپڵۆماتیک خوێنی میوانی سیاسیی خۆیان ڕشت. دەم نەقاشییەدا لەژێر هەردووک داری ئێعدام مرۆڤگەلێکی خەیانەتکار دەبینم کە بە ڕەنگی ڕەش کێشراونەتەوە. هونەرمەند دەم کارەیدا زۆر سەرکەوتوویانە پێناسەی ئەو کەسانەی کردووە کە خەیانەت لە نەتەوەی خۆیان دەکەن.

سەرچاوەکان:‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌

  • • حەمید گەردی، پوختەی مێژوونامە، چاپی یەکەم، ئاراس، هەولێر ٢٠٠٤
  • • هاوڕێ باخەوان، هاوڕێنامە بۆ مێژووی کوردستان و کورد، چاپی یەکەم، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی ١٩٩٩
  • • عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، کوردستان لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا، چاپی یەکەم ، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر ٢٠٠٤
  • • درەختی بنەماڵەیی میرانی سۆران لە کوردیپێدیا
  • • سەعد بەشیر ئەسکەندەر، سەرهەڵدان و ڕوخانی سیستەمی میرنشینی لە کوردستان، وەرگێڕانی جەوهەر کرمانج، چاپی یەکەم، چاپخانەی داناز، سلێمانی ٢٠٠٤
  • • م. ڕەسوڵ هاوار، کورد و باکووری کوردستان لە سەرەتای مێژووەوە هەتا شەڕی دووهەمی جیهان، چاپی یەکەم، چاپخانەی خاک، سلێمانی ٢٠٠٠
  • • میر شەڕەفخانی بدلیسی، شەڕەفنامە، وەرگێڕانی هەژار موکریانی، چاپی پێنجەم، چاپەمەنی پانیز، تاران ٢٠٠٩
  • • سید علی اکبر خطایی، خطای نامە، چاپ اول، مرکز اسناد فرهنگی آسیا، تهران ١٣٧٢
  • • World Statesmen, Kurds, Emirs of Soran
  • • Martin van Bruinessen، Agha, Shaikh and State: The Social and Political Structures of Kurdistan. London: Zed Books, 1992

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە