تاران؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران و زەوتکردنی کەلوپەلە ئەلیکترۆنییەکانی مه‌جید کەریمی، نووسەر و مامۆستای زمانی کوردی

٢٩ بانەمەڕ ٢٧٢٦، ١٦:٤٥

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٦

مەجید کەریمی ناسراو بە مه‌جید ڕەهوەرد، نووسەر و مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی و لە هاووڵاتییانی کورد و خەڵکی قووچان پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، حەوتووی ڕابردوو لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر  و دوای ٢٤ کاتژمێر ئازاد کراوە. مۆبایل و لاپتۆپی ناوبراو لەلایەن ئەم هێزانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی پێنجشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (١٤ی مەیی ٢٠٢٦)، مەجید کەریمی شاعیر، نووسەر و مامۆستای زمانی کوردی لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی لە تاران دەستبەسەر کرا و دوای ٢٤ کاتژمێر ئازاد کراوە. ئەم ناوەندە حکوومەتییە ناوبراوی بە هاوکاری لەگەڵ حیزبەکانی کوردستان تۆمەتبار کردووە.

هەنگاو زانیویەتی کە، شەش کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی قووچان بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی هڵکوتایە سەر ماڵی ئەم چالاکوانە کولتوورییە کوردە و وێڕای دەستبەسەرکردنی، دەستیان کردووە بە پشکینینی تەواوی ماڵەکەی. ئەو هێزانە لە کاتی ئەم پشکینینەدا، بەشێک لە کەلوپەلە تایبەتەکانی ناوبراو لەوانە مۆبایل و لاپتۆپەکەیان زەوت کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەجید کەریمی دوای دەستبەسەرکردنی بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان گواسترابووە و دوای تێپەڕاندنی ٢٤ کاتژمێر لێپرسینەوەی چڕ، سەرەنجام ئێوارەی هەینی ٢٥ی بانەمەڕ لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری تاران ئازاد کراوە.

مەجید کەریمی (ڕەهوەرد) لە کەسایەتییە کولتوورییە ناسراوەکانی کوردی خۆراسانە کە ساڵانێکە لە بواری شێعر، نووسین و وانەبێژیی خۆبەخشی زمانی کوردیدا چالاکی دەکات.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە