سەراوڵە؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی ئەرشیا قەیسەربەیگی و تۆمەتبارکردنی بە موحاربە

٢٨ بانەمەڕ ٢٧٢٦، ١٤:٠٤

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٦

ئەرشیا قەیسەربەیگی، گەنجی کورد و خەڵکی شاری سەراوڵە سەر بە پارێزگای ئیلام، دوای تێپەڕبوونی دوو حەوتوو بەسەر دەستبەسەرکردنی، لەژێر ئەشکەنجەی سەختی جەستەییدا و لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە و بەپێی دانپێدانانی زۆرەملێ، ڕووبەڕووی تۆمەتە قورسەکانی «محاربە» (دژایەتیی خودا) و «ئەفساد فی‌لئەرز» بووەتەوە؛ ئەو تۆمەتانەی کە مەترسیی سەپاندنی سزای قورس وەک سێدارەی بە سەر ناوبراودا زیاد کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەرشیا قەیسەربەیگی ڕۆژی سێشەممە ١٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (٥ی مەی ٢٠٢٦) لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵی خێزانیی ناوبراو بێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە حکومەتییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا، ناوبراویان بە توندی دابووە بەر لێدان و ئەشکەنجە، بە شێوەیەک کە شەویلکە، لووت و ددانەکانی ئەم گەنجە تووشی شکانێکی توند بوون. ئەو هێزانە لە هەمان کاتدا هەوڵیان دابوو براکەشی بە ناوی ئەرشەک قەیسەربەیگی دەستبەسەر بکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەببوون.

بەپێی بەڵگەیەکی دادگا کە کۆپییەکی دەست هەنگاو گەیشتووە، ڕۆژی دوای دەستبەسەرکردنی ئەرشیا(١٦ی بانەمەڕ)، دادسەرای گشتی و شۆڕشی شارئ چەرداوڵ بە واژۆی «کەریم ئومێدی»، بڕیاری دەستبەسەرکردنی کاتیی دوو مانگەی بۆ ئەرشیا قەیسەربەیگی دەرکردووە. لەم بڕیارەدا بە پشتبەستن بەو «دانپێدانانە»ی کە لەژێر ئەشکەنجەدا لێی وەرگیراون، تۆمەتە قورسەکانی «محاربە و ئەفساد فی‌لئەرز لە ڕێگەی هێزنواندن بە چەک، کڕین، فرۆشتن، ڕاگرتن و هەڵگرتنی چەک و تەقەمەنیی جەنگی و تەقەکردنی نایاسایی» خراونەتە پاڵی.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دەقی بەڵگە دادوەرییەکەدا بانگەشەی ئەوە کراوە دانپێدانانەکانی تۆمەتبار «لەوپەڕی تەندروستی و سەلامەتیدا» تۆمار کراون؛ بانگەشەیەک کە بە سەرنجدان بەو برینە قورسانەی لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا پێی گەیشتوون (شکانی شەویلکە و لووت) و بێبەشبوونی لە چارەسەر و ڕاگەییشتنی پزیشکی لە ژووری تاکەکەسیدا،لەگەڵ یەک یەکناگرنەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە