بەندیخانەی توربەتی حەیدەریە؛ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئیبراهیم فەرهادی تۆپکانلوو

٢٩ بانەمەڕ ٢٧٢٦، ١٨:٠٨

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٦

سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی شاری سەبزەوار سەر بە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی بە ناوی ئیبراهیم فەرهادی تۆپکانلوو کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی توربەتی حەیدەریە جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (١٦ی مەی ٢٠٢٦)، سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی ئیبراهیم فەرهادی تۆپکانلوو تەمەن ٤٨ ساڵ کە پێشتر بە تۆمەتی "تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان" سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شارستانی توربەتی حەیدەریەی پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی جێبەجێ کرا.

ئیبراهیم فەرهادی تۆپکانلوو، خێزاندار و باوکی سێ منداڵ و خەڵکی شاری سەبزەوار بوو. شایانی باسە کە سزای لەسێدارەدانی ناوبراو لە کاتێکدا جێبەجێ کراوە کە دۆسیەکەی داوای پێداچوونەوەی بۆکرابوو.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئیبراهیم فەرهادی تۆپکانلوو پێشتر بە تۆمەتی هەڵگرتن و ڕاگرتنی ماددەی هۆشبەر دەستبەسەر کرابوو و پاشان لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سەبزەوار بە سەرۆکایەتیی دادوەر «محەممەد غوڵامی» سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو. ناوبراو بەم دواییانە لە بەندیخانەی ناوەندیی سەبزەوارەوە بۆ بەندیخانەی توربەتی حەیدەریە گواسترابووەوە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە لەلایەن میدیاکانی ناوخۆی ئێران و یان ناوەندەکانی سەر بە دەزگای دادوەرییەوە ڕانەگەیەندراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە