کەرەج؛ ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دوو هاووڵاتیی عێراقی بە تۆمەتی "سیخوڕی" بۆ وڵاتانی عەرەبی
هەنگاو؛ چوارشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
لە دوایین ڕۆژەکانی شەڕی ٤٠ ڕۆژەی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا، دوو هاووڵاتیی عەرەب و خەڵکی وڵاتی عێراق بە ناوەکانی عەلی نادر ئەلعوبێدی و فازڵ شێخ کەریم کە پێشتر لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ یەکێک لە وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، بە شێوەیەکی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج لەسێدارە دراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی دووشەممە ١٧ی نەورۆزی ٢٧٢٦ (٦ی ئەپریلی ٢٠٢٦)، هاوکات لەگەڵ دوایین ڕۆژەکانی شەڕی ٤٠ ڕۆژە، دوو هاووڵاتیی عەرەب و خەڵکی شاری عەمارەی عێراق بە ناوەکانی عەلی نادر ئەلعوبێدی تەمەن ٢٧ ساڵ و فازڵ شێخ کەریم تەمەن ٢٩ ساڵ، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ یەکێک لە وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە بە شێوەیەکی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج لەسێدارە دراون.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم دوو هاووڵاتییە عێراقییە ساڵی ڕابردوو لە شاری کەرەج لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون و لەلایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی سیخوڕی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو. ئەم دوو بەندکراوە بۆ ماوەی ١١ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپادا لەژێر ئەشکەنجەدا بوون و ماوەیەک پێش جێبەجێکردنی سزاکەیان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج ڕاگوێزرابوون.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، جێبەجێکردنی سزای سێدارەی عەلی نادر ئەلعوبێدی و فازڵ شێخ کەریم لەلایەن میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، ناوەندە فەرمییەکانی دەزگای دادوەری و هەروەها وڵاتی عێراقەوە ڕانەگەیەندراوە.
دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای سێدارە بۆ هاوڵاتییانی بیانی لە ئێران، ئەویش لەژێر ناونیشانی تۆمەتی لێڵ و ناڕوونی ئەمنی وەک سیخوڕی و لە نەبوونی کەمترین پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، پێشێلکردنی ئاشکرای کۆنڤانسیۆنە نێودەوڵەتییەکان و مافە بنەڕەتییەکانی تۆمەتباران دادەنرێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەم دوو هاووڵاتییە عێراقییە وەک بەشێک لە کاراکردنی زیاتری ئامێری تێرۆر و لەسێدارەدانی سیستماتیک لە ئێران شەرمەزار دەکات و خوازیاری کاردانەوەی ڕوون و دیپلۆماتیکی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانە بەرامبەر بە سلبکردنی خۆڕایانەی مافی ژیانی هاووڵاتییان.