نەغەدە؛ جێبەجێکردنی نهێنیی سزای سێدارەی ڕامین زلە و کەریم مەعرووفپوور دوو بەندکراوی سیاسیی کورد
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٣١ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
سزای سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی ڕامین زلە و کەریم مەعرووفپوور هەر دوو خەڵکی نەغەدە کە پێشتر لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کۆردستانی ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، بە شێوەیەکی نهێنی جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (٢١ی مەیی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی ڕامین زلە و کەریم مەعرووفپوور، بە شێوەیەکی نهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان یان مافی ئەنجامدانی دوایین چاوپێکەوتن، لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە جێبەجێ کرا.
هاوكات لەگەڵ جێبەجێکردنی سزاکە، ناوەندی ڕاگەیاندنی دەزگای دادوەریی ئێران (ئاژانسی هەواڵی میزان) بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، لەسێدارەدانی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردەی پشتڕاست کردەوە و تۆمەتەکانی ئەوانی بە «ئەندامەتی لە گرووپە تێرۆریستییە جیایی خوازەکان، ڕاپەڕینی چەکداری و هەوڵدان بۆ تێرۆر» ڕاگەیاندووە؛ تۆمەتگەلێکی دووبارەبووەوە کە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێی وەرگیراو لەژێر ئەشکەنجەدا، دەیخاتە پاڵ چالاکانی سیاسی بەتایبەت لە کوردستان.
پێشینەی دۆسیە و ڕەوتی دادگاییکردنی ڕامین زلە
ڕامین زلە، خەڵکی شاری نەغەدە، لە ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٢٢ی جولایی ٢٠٢٤) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە. ناوبراو دوای تێپەڕاندنی ٥٠٧ ڕۆژ دەستبەسەرکران و بێسەروشوێنی، دواجار لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر «سیامی» بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کۆردستانی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.
دانیشتنی دادگاییکردنی ڕامین زلە دوای چەندین مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسی، تەنیا لە ماوەی چەند خولەکێکدا، بە شێوازێکی تەواو ناڕوون و لە نەبوونی پارێزەری دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە چوو و سزای سێدارەکەی لە ڕێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو بە فەرمی لە ناو بەندیخانەدا پێ ڕاگەیەندرا بوو.
پێشینەی دۆسیەی کەریم مەعرووفپوور
کەریم مەعرووفپوور، تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی نەغەدە، پێشتر لە ڕێکەوتی ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ (٢٣ی مارسی ٢٠٢١) لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە لە شاری سەردەشت دەستبەسەر کرا. هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە، کەریم مەعرووفپوور لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بە توندی دراوەتە بەر لێدان و کوتان.
ناوبراو بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کۆردستانی ئێران دەستبەسەر کرابوو و بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە دۆخی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێدا و بێ پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕاگیرابوو، تا سەرەنجام لە ڕەوتێکی دادگاییکردنی نادادپەروەرانەدا هاوڕێ لەگەڵ ڕامین زلە لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتی بەغی لەرێگای ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای شەرمەزارکردنی توندی جێبەجێکردنی نهێنیی سزای سێدارەی ڕامین زلە و کەریم مەعرووفپوور، ئەم هەنگاوە بە بەردەوامیی تاوانە سیستماتیکەکانی حکوومەت دژ بە چالاکانی سیاسیی کورد و بە نموونەی بەرچاوی کوشتنی حکوومەتی دەزانێت. هەنگاو جارێکی دیکە جەخت لەسەر پێویستیی بایکۆتی دیپلۆماتیک و پێداگریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکاتەوە لە بەرامبەر ئامێری کوشتار و لەسێدارەدانە بێوچانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.