چەنگیز قەدەم خەیری لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرا
هەنگاو: بەرپرسانی بەندیخانەی، پێشیان بە چاوپێکەوتنی بەندکراوێکی سیاسیی کورد کە گورچیلەی لە دەست داوە لە گەڵ بنەماڵەکەی گرت.
بەپێی هەواڵی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، بنەماڵەی چەنگیز قەدەم خەیری، زیندانیی سیاسیی کورد، ڕۆژی سێشەممە (١ی ڕەشەممە / ٢٠ی فوریە)، بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکەیان ڕێگای گرتووخانەیان گرتووەتە بەر، بەڵام ڕێگەیان پێ نەدراوە چاویان بە چەنگیز بکەوێت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەرپرسانی بەندیخانەی مەسجد سولەیمان سەر بە پارێزگای خووزستان، سەڕەڕای بارودۆخی نالەباری جەستەیی چەنگیز قەدەم خەیری، بەندکراوی سیاسی کورد ناوبراویان لە مافی چارەسەری پزیشکی بێبەری کردبوو و هەنووکە لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەشی بێبەش کراوە.
چەنگیز قەدەم خەیری لەدایک بووی ساڵی ١٣٦٧، چوار ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ٣ کەسی دیکە بە تۆمەتی “دژایەتیی خودا و تێکهەڵچوون لەگەڵ سوپای پاسدارن” لە یەکێک لە ئاواییەکانی سەر بە شاری سنە دەستبەسەر کرا و دواتر بە هەمان تۆمەت و ئەندامەتیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزێسیۆنی ڕژیمی ئێران، لە دادگای شۆڕشی شاری سنە بە ٤٠ ساڵ بهندكران و گواستنەوە بۆ بهندیخانهی شاری مەسجد سولەیمان، حوکم درا.
چەنگیز قەدەم خەیری لە بەندی یەکی بەندیخانە کە شوێنی ڕاگرتنی تووشبووی مادە هۆشبەرەکانە ڕاگیڕاوە.
لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا گولـلەیەک بەر گورچیلەی کەوتووە کە تاوەکوو ئێستاش لە گورچیلەیدا ماوەتەوە. هەتا ئێستا پێشگیری لە دەرمانی ناوبراو کراوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە بە تەواوەتی گورچیلەی لای ڕاستی لەکار بکەوێت.