دەستبەسەرکرانی ٥٠ کەس لە مانگی رێبەنداندا

٤ ڕەشەمە ٢٧١٧، ١٧:٠٦

هەنگاو: لە ماوەی مانگی رێبەندانی ئەمساڵدا سەرجەم ٥٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە دەستبەسەرکرانی ٤٠ کەسیان بە هۆی تۆمەتی سیاسییەوە بووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری “هەنگاو”، لەماوەی مانگی رێبەندانی ئەمساڵدا ٥٠ هاووڵاتیی کوردلەلایەن هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە تەنیا ٨ کەسیان ئازاد کراون.

بەپێی ئەو ئامارە، ٣٢ کەس لەو دەستبەسەر کراوانە لە شارەکانی سەربە پارێزگای ئورمیە، ١٠ کەس لە شارەکانی سەربە پارێزگای سنە و هەروەها ٦ کەس لە کرماشان و ٢ کەسیش لە ئیلام دەستبەسەر کراون.

تەنیا لە شاری شنۆ ١٨ هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کراون کە زۆرترین ژمارەی دەستبەسەر کراوانی لەخۆ گرتووە.

لە کۆی ئەو ٥٠ کەسە، ٤٠ کەسیان بە تۆمەتی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکومەتی ئێران دەستبەسەر کراون.

هەروەها ٢ چالاکی کرێکاری، ٥ کۆڵبەر و چالاکێکی مەدەنی و ٢ ئەندمای سپای پاسدارانیش لە ناو دەستبەسەر کراوەکاندان.

چوار چالاکی خوێندکاریی کورد و هەروەها ١ ژنیش لە ناو دەستبەسەر کراوەکاندا دەبیندرێن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە