١٤ ساڵ و شەش مانگ بەندیخانە، حوکمی سەپێندراو بەسەر پێنج هاووڵاتیی کورددا

٤ ڕەشەمە ٢٧١٧، ١٩:٠٠

هەنگاو: بە تاوانی بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی مانگی ژانوویەی ئەمساڵ، پێنج هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئورمیە، حوکمی بەندکرانیان بەسەردا سەپا.

بەپێی هەواڵی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، لقی سێی دادگای شۆڕشی ئورمیه بە سەرۆکایەتی ڕەزا نەجەفزادە، حوکمی بەندکرانی بەسەر پێنج هاووڵاتیی کورددا سەپاند.

ئەم هاووڵاتییانە لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بە نیسبەت دۆخی نالەباری ئابووریی ئێران بەشدارییان کردبوو و سەرەتاکانی مانگی ژانوویە دەستبەسەر کرابوون.

بە پێی ئەو حوکمە، مەتین خالیدی و ئومید زندەدڵ، بە تۆمەتی " هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی " و "بانگەشە لە دژی نیزام " بە پێنج ساڵ و یەک ساڵ واتە هەر کامەیان ٦ ساڵ بەندکران حوکم دراون.

ناسر حەسەنی و حەسەن ئەردوخانی ، دوو هاووڵاتیی دیکەی دەستبەسەرکراون کە لەلایەن دادگای شۆڕشەوە بە تۆمەتی " بانگەشە دژی نیزام " به یەک ساڵ و خاتوو مونیرە سوڵتانزادەش بە هەمان تۆمەت ٦ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

ئەم حوکمانەی دادگای شۆڕش ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی ڕەشەممە بە مەتین خالیدی لە زیندان ڕاگەیەندراوە و هەروەها بەو چوار هاووڵاتییەکەی دیکەش کە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون، لە ڕێگای پارێزەکانیانەوە پێیان ڕاگەیەندراوە.

لەم حوکمە ڕاگەیەندراوانەدا، بەندکرانی مەتین خالیدی و ئومید زندەدڵ بەپێی مادەی ١٣٤ی " کۆکردنەوەی حوکمەکان " قورسترین حوکم واتە ٥ ساڵ دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە