هەواڵی تەکمیلی لەمەڕ کوشتنی خوێندکارێکی ئیلامی لە گرتنگەی ئیتلاعات+وێنە

٨ ڕەشەمە ٢٧١٧، ١٥:٢٣

هەنگاو: خوێندکارێکی ئیلامی پاش ١٠ رۆژ لە دەستبەسەرکرانی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام، لەژێر ئەشکەنجەدا کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، "تالب بەساتی‌وەند" کوڕی "حەمدوڵڵا" و خەڵکی گوندی "باولگ"ی مەلکشاهی پاش نزیک بە ١٠ رۆژ مانەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ئیلام، لەژێر ئەشكەنجەدا گیانی لەدەست دا.

تالب بەساتی‌وەند، خوێندکاری رشتەی پزیشکیی زانکۆی ئیلام بوو کە رۆژی شەممە (٢٩ی رێبەندان، ١٨ی فوێریە) لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ماڵی باوکیدا دسەتبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرابوویەوە.

ماڵپەڕی “هەنگاو”، شەوی رابردوو لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، کە رۆژی یەکشەممە (٦ی رەشەمە، ٢٥ی فێوریە) ئیدارەی ئیتلاعات بنەماڵەی بەساتی‌وەندیان ئاگادر کردۆتەوە کە کوڕەکەیان لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ئیلام گیانی لەدەست داوەو بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان سەردانی ئتلاعات بکەن.

ئەو خوێندکارە کوردە، سەرەتای ئەمساڵ(٢٠١٨) بەهۆی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەدژی حکومەت، دەستبەسەر و بۆ شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵەیە بە "هەنگاو"ی راگەیاند لە هێزە ئیتلاعاتییەکان دوای ئەوەی ماڵی ئەو خوێندکارە کوردەیان پشکنیوە و دوو ئاڵای کوردستانیان دۆزیەتەوە، دەستبەجێ ڕاپێچی شوێنێکی نادیاریان کردووە و هەتا ئەو کاتەی ئیتلاعات بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە بێن تەرمەکەی بوەنەوە، کەس لە چارەنووسی ئاگادار نەبووە.

ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەی لە بنەماڵەی بەساتی وەند کردووە کە ئەگەر هەواڵی کوژرانی رۆڵەکەیان میدیایی بکەنەو ئیزنی بەڕێوەبردنی رێورەسمی بەخاکسپاردن و سەرەخۆشییان پێنادرێ.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە