برینداربوونی دوو کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران
هەنگاو: دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی بانە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران بریندار و رەوانەی نەخۆشخانەی شاری سلێمانی کران.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەمە (۹ی رەشەمە/ ۲۸ی فێوریە) هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران لە ناوچە سنووریی "نەنۆر"ی بانە تەقەیان لە ژمارەیک کۆڵبەر کرد کە لە ئەنجامدا دوو کۆڵبەر بەسەختی بریندار بوون.
هەواڵنێری “هەنگاو” ناسنامەی ئەو دوو کۆڵبەرەی "کاوە ڕەشیدی" خەڵکی گوندی سەرتەزێن و "فەرەیدوون" کوڕی ڕەحمان و خەڵکی گوندی سەعداوا راگەیاندووە.
بە گوتەی سەرچاوەەکی ئاگادار، هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران ئیزنیان نەداوە کە ئەو دوو کۆڵبەرە بۆنەخۆشخانەی بانە بگوازرێنەوە و لە ناچاریدا رەوانەی شاری سلێمانی کراون.
ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردەوە، کە ئەو دوو کۆڵبەرە هەنووکە لە نەخۆشخانەی شاری سلێمانی لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.