هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سەردەشت کۆڵبەریکی کوردیان بریندار کرد

٥ خاکەلێوە ٢٧١٨، ١٩:٠٨

هەنگاو: کۆڵبەرێکی کورد لە سنوورەکانی سەردەشت، کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران.

بەپێی هەواڵی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی “مرۆڤیی هەنگاو”، شەوی شەممە ( ٤ی خاکەلێوەی ٢٧١٨ی کوردی / ٢٤ی مارسی ٢٠١٨)، لە ناوچە سنوورییەکانی کانی زەرد لە سەردەشت، کۆڵبەرانی کورد درانە بەر دەسڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران.

لە ئاکامی ئەم تەقەکردنەدا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی لوقمان محەممەدزادە، ٣٧ ساڵ تەمەن و خێزاندار کە خەڵکی گوندی شمۆلەی ڕەبەت بووە، بە توندی بریندار بووە.

ئەم کۆڵبەرە کوردە کە سکی کەوتووەتە بەر گولـلەی هێزەکانی حکوومەت، بۆ چارەسەریی پزیشکی، بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی سەردەشت گوازراوەتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، لە ساڵی ٢٧١٧ی کوردیدا، ٢١٩ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی یان بەهۆی ڕووداوی سروشتییەوە بوون بە قوربانی.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە