مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەی مستەفا سەلیمی بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی سەقز

هەنگاو: یەکێک لەو بەندکراوانەی کە لە بەندیخانەی سەقز هەڵاتبوو و پاشان دەستبەسەر کرابۆوە، مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەکەی هەیە و بەرپرسانی

٢٢ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ١٥:١٠


هەنگاو: یەکێک لەو بەندکراوانەی کە لە بەندیخانەی سەقز هەڵاتبوو و پاشان دەستبەسەر کرابۆوە، مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەکەی هەیە و بەرپرسانی بەندیخانەی سەقز داوایان لە بنەماڵەکەی کردووە کە بۆ دوایین چاوپێکەوتنی رۆڵەکەیان سەردانی بەندیخانە بکەن.


بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی هەینی، ٢٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠( ١٠ی ئاوریلی٢٠٢٠)، بەرپرسانی بەندیخانەی سەقز پێوەندییان کردووە بە بنەماڵەی مستەفا سەلیمی، بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە، کە بۆ دواهەمین جار سەردانی بەندیخانە بکەن بۆ چاوپێکەوتنی ناوبراو.


یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی مستەفا سەلیمی لە پێوەندییەکدا لە گەڵ هەنگاو ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند کە بەپرسانی بەندیخانە رایانگەیاندووە مستەفا بە زوویی لە سێدارە دەدرێ. بۆیە داوایان لە بنەماڵەکەی کردووە بۆ دواماڵاوایی سەردانی بکەن.


مستەفا سەلیمی، خەڵکی گوندی "ئیلوو"ی سەقز و تەمەن ٥٣ ساڵ، لە رێکەوتی ١٧ی خاکەلێوەی ٢٧٠٣ (ساڵی ٢٠٠٣) دەستبەسەر کرابوو و بە تۆمەتگەلێ وەک "محاربە"(شەڕ لەگەڵ خودا)، " دزی چەکدارانە" و " ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی دژبەری ئێران" لە لایەن دادوەر "گوودینی" یەوە حوکمی لەسێدارەی بە سەردا سەپا.


ئەو بەندکراوە پێشتر ماوەی چەند ساڵ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و پاش دابڕانی لەو حیزبە گەڕابۆوە شاری سەقز. مستەفا سەلیمی ماوەی ١٧ ساڵە بێ ئەوەیکە مۆڵەتی مەرەخەسی پێ بدرێت، لە بەندیخانەکانی سنە و سەقز ڕاگیراوە.


ناوبراو لە رووداوی شۆڕشی بەندیخانەی سەقز لە رۆژی هەینی ٨ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا لە گەڵ ٧٠ بەندکراوی دیکەی ئەو بەندیخانەیە هەڵاتن و پاش ١٠ رۆژ، ١٨ی خاکەلێوە، لە لایەن هێزە ئەمنییتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرایەوە. محەمەد جەباری، سەردۆزگەری سنە لە ناوبراو وەکوو لیدەری سەرەکی ڕاپەڕینی بەندیخانەی سەقز ناوی بردبوو.


شایانی باسە کە کوڕێکی ٢٥ ساڵەی مستەفا بە ناوی " ئەشکان سەلیمی" لە رێکەوتی ٢٣ی جۆزەردانی ٢٧١٨( ١٣ی جولای ٢٠١٨) بۆ بەدواداچوونی پەروەندەی باوکی، سەردانی دادگای سەقزی کردبوو و پاش ئەوەیکە لە لایەن بەرپرسانی دەزگای دادوەرییەوە سووکایەتی پێکرابوو، هەوڵی خۆکوشتنی دا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە