کوژرانی کۆڵبەرێکی دیکە لە سنوورەکانی ئورمیە

هەنگاو: کۆڵبەرێکی دیکە لە بەرزاییەکانی سنووری چالدێران کوژرا و بە هەژمار کردنی ئەم حاڵەتە لە سەرەتای مانگی جۆزەردانەوە لا

١٩ جۆزەردان ٢٧٢٠، ١٠:٠٩


هەنگاو: کۆڵبەرێکی دیکە لە بەرزاییەکانی سنووری چالدێران کوژرا و بە هەژمار کردنی ئەم حاڵەتە لە سەرەتای مانگی جۆزەردانەوە لانیکەم ٢٧ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و بریندار بوون.


بەپێێ ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (٦ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە گوندی ”شێخ عەسکەر“ سەر بە شاری چالدێران تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە کۆڵبەرێکیان کوشتووە.


ناسنامەی ئەو کۆڵبەرەی کە لە ئاکامی دەستڕێژی هێزەکانی ئێران کوژراوە ”فەرهاد کەچەلانلوو“ تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی هەمان گوند ڕاگەیەندراوە کە لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەی لێکراوە و بە هۆی خوێنڕێژی لەڕادەبەدەر گیانی لە دەست داوە.


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای مانگی جۆزەردانەوە (١٨ ڕۆژ) لانیکەم ٢٧ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی کە ٧ کەسیان گیانیان لە دەست داوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە