ماف لە سەر شوناسی رەگەزی، مافی بنەڕەتیی مرۆڤە
ڕۆژی ١٧ی مەی بە رۆژی جیهانی خەبات دژی هەڵاواردن، ئازار و سەرکوتی کۆمەڵگای LGBTQIA ناسراوە. لەو رۆژە و لە ساڵی ١٩٩٠ بە دوای بڕیاری رێکخراوی تەندرووستیی جیهانی بۆ سڕینەوەی هاورەگەزخوازی لە ریزی نەخۆشییە دەروونییەکان، وەکوو رۆژی جیهانی خەبات دژی هوموفووبیا ناودێر کراوە و هەموو ساڵێک لەو رۆژەدا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان جێژن دەگیردرێ.
ئامانج لە ناودێرکردنی ئەو رۆژە وشیارکردنەوەیە سەبارەت بە کۆمەڵگای LGBTQIA و هەوڵدانە بۆ لابردنی هەڵاواردن لەسەر ئەو کەسانە.
بوونی رۆژێکی وا لە رۆژژمێردا پیشاندەری ئەوەیە کە کەسانێکی زۆر لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هەوڵیان داوە سەرکوتی کۆمەڵگای LGBTQIA رابگرن.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای ئیدانە کردنی توندوتیژیی سیستماتیک بەرانبەر بەو کەسانە لە ئێراندا، خۆی بە پشتیوانی کۆمەڵگای شەش رەنگ ئەزانێ.
کۆمەڵگای LGBTQIA هاوڕەگەزخوازانی ژن، هاوڕەگەزخوازانی پیاو، دوو رەگەزخواز، کەسانی ترەنسی جێندەر ، ئەو کەسانەی کە بە دوای دۆزینەوەی مەیلی جینسیی خۆیانن، دوو ڕەگەزەکان و کەسانێک کە مەیلی جینسییان نییە لە خۆ دەگرێت.