ترەنسێک لە شاری مەریوان بە هۆی ڕێگری لەهاوتەریب کردنی ڕەگەزی خۆی کوشت

هەنگاو: هاووڵاتییەکی ترەنسی خەڵکی مەریوان دوای ئەوەی هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی ڕەگەزی سەری نەگرت، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

١٨ ڕێبەندان ٢٧٢١، ٢٢:٠١

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی ترەنسی خەڵکی مەریوان دوای ئەوەی هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی ڕەگەزی سەری نەگرت، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٧ی فێوریەی ٢٠٢٢)، هاووڵاتییەکی ترەنس بە ناوی ڕێبوار ئیبراهیمی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی مەریوان، لە ڕێگای خواردنی حەبەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ڕێبوار ئیبراهیمی ناسنامەی خۆی ڕەگەزی خۆی وەکوو ژنێکی ترەنس پێناسە کردووە و ویستوویەتی کە نەشتەرگەریی هاوتەریب کردنی ڕەگەز ئەنجام بدات، هەر بۆیەش بنەماڵەکەی سەردانی مامۆستایەکی ئایینییان کردووە و ئەو مامۆستایە وتوویە کە ئەم کارە بە پێی شەرع ڕێگە پێدراو نییە و ڕێبوار دوای ئەوە تووشی گۆشەگیری و خەمۆکی بووە.

هەنگاو پەیوەندی بە چەند کەس لە هاوڕێیانی ڕێبوار کردووە و ئەوان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە لەو ماوەیەدا ناوبراو زۆر گۆشەگیر و هەروەها تووشی خەمۆکی بووە. جێگای ئاماژەیە کە باوک و دایکی ڕێبوار ساڵی ڕابردوو لەیەک جیا بوونەتەوە.


ترەنس بە کەسانێک دەگوترێت کە ناسنامەی ڕەگەزی خۆیان (جێندێر) لەگەڵ ئەو ڕەگەزەی وا لەگەڵی لە دایک دەبن (مێیینە، نێرینە، جووت ڕەگەز) هاوتەریب پێناسە ناکەن و بەشێک لەم کەسانە بە نەشتەرگەری هاوتەریب کردنی ڕەگەزی بەو ئەو ڕەگەز وا دەیانەوێت نزیکتر دەبنەوە.
بۆ وێنە کەسێک وا بە ڕەگەزی مێینە لە دایک بووە بەڵام خوێ وەکوو پیاوێک پێناسە دەکات پێ دەڵێن پیاوی ترەنس یان بە پێچەوانە کەسێک وا بە ڕەگەزی نێرینە لە دایک بووە بەڵام خوێ بە ژن پێناسە دەکات ژنی ترەنسی دەڵێن.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ساڵی ۲۰۱۸ ترەنس بوونی لە ڕیزی نەخۆشییە دەروونییەکان دەرهێنا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە