زارا سدیقی هەمەدانی لە بەندیخانەی ئورمیە هەوڵی خۆکوشتنی دا

زارا سدیقی هەمەدانی ناسراو بە سارە تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی نەغەدە کە هەفتەی ڕابردوو بە تۆمەتی "افساد فی الارض" لەڕێگەی پەرەپێدان بە هاوڕەگەزخوازییەوە سزای سێدارەی

١٨ خەرمانان ٢٧٢٢، ٢١:٢٩


هەنگاو: هەینی ١٨ی خەرمانانی ٢٧٢٢

زارا سدیقی هەمەدانی ناسراو بە سارە تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی نەغەدە کە هەفتەی ڕابردوو بە تۆمەتی "افساد فی الارض" لەڕێگەی پەرەپێدان بە هاوڕەگەزخوازییەوە سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٧ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەڕێگەی خواردنی حەب هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە سارە دوای ئەوەی هەوڵی خۆکوشتنی داوە بە هۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستی بۆ نەخۆشخانەی ڕازی شاری ئورمیە گوازراوەتەوە و دوای خاوێنکردنەوەی گەدەی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئورمیە گوازراوەتەوە و ئێستا لە دۆخێکی دەروونی ناجێگیر ڕاگیراوە.

ئەمە دووەمین حاڵەتی خۆکوشتنی بەندکراوان لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لە ماوەی مانگی ڕابردوودایە. ماوەیەک پێش سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی کورد دوای ئەوەی حەبی بە کۆرپە ٢ مانگانەکەی خۆی دابوو، لەڕێگەی خۆهەڵواسینەوە هەوڵی خۆکوشتنی دابوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەنگاوی ڕاگەیاند: «هەفتەی ڕابردوو زارا سدیقی هەمەدانی و ئیلهام چوبدار لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە و لەپێش چاوی باقی بەندکراوەکان بێ ڕێزیی و سوکایەتییان پێکراوە و پێیان وتراوە کە ئێران شوێنی ئەم جۆرە کەسانە نییە و سزای سێدارەی ئەوان بە زوویی جێبەجێ دەکرێت.»

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە زارا سدیقی هەمەدانی ناسراو بە ''سارە'' تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی نەغەدە هاوڕێ لەگەڵ ئیلهام چووبدار تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی ئورمیە لە چالاکانی کۆمەڵگەی ئێڵ جی بی تی (پەلکەزێڕینە) لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی» فساد فی الارض «لەڕێگەی پەرەپێدان بە هاوڕەگەزخوازییەوە لەلایەن دادگای شۆڕشی ئورمیەوە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپاوە و ئەو سزایە لە بەندیخانەی ئورمیە بەفەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە.

ئەم دوو چالاکەی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەکان ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بەفرانباری ٢٧٢١ (١٦ی جەنیوەری ٢٠٢٢) لەلایەن دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە» فساد فی الارض «لەڕێگەی پەرەپێدان بە هاوڕەگەزخوازی و پەرەپێدان بە ئایینی مەسیحی و هەروەها پەیوەندی لەگەڵ میدیاکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمەتبار کرابوون.

زارا سدیقی هەمەدانی ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) لە کاتی چوون بۆ تورکیا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە سنووری تورکیا دەستبەسەر و دوای دوو مانگ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای ئورمیە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە.

جێگای ئاماژەیە کە زارا سدیقی هەمەدانی لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بووە لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش کراوە و سەرەڕای بێ ڕێزی پێکردن بە شوناسی ڕەگەزی و ڕوخساری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەی سەپاندنی سێدارە بەسەریدا و هەروەها وەرگرتنەوەی مافی سەرپەرشتیی دوو منداڵەکەی لێ کرابوو.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە زارا سدیقی هەمەدانی، داکۆکی کاری مافەکانی مرۆڤ و ئەندامی کۆمەڵەی ئێڵ جی بی تی (پەلکەزێڕینەکان)، '' تەنیا بەهۆی ڕەگەزەکەی و ئاشکرا کردنی ناسنامەی ڕەگەزی ڕاستەقینەی خۆی و هەروەها پۆستەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ پشتگیری لە مافەکانی کەسانی هاوڕەگەزخواز، دوو ڕەگەز خواز، فرە ڕەگەز خواز و بینا ڕەگەزخوازەکان، بەپێچەوانەی ڕێوشوێنە نێودەوڵەتییەکان و بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەستبەسەر و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە ''.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە