بۆچی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت کۆماری ئیسلامی ئێران بخاتە ڕیزبەندی وڵاتانی ئاپارتایدی ڕەگەزی؟

پێشەکی: لە دەقی خوارەوە هەنگاو هەوڵ دەدات بە پشتبەستن بە بڕگەی یاسایی و سیستەمی یاسایی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ بابەتی

١٦ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ١٦:٠٤

پێشەکی: لە دەقی خوارەوە هەنگاو هەوڵ دەدات بە پشتبەستن بە بڕگەی یاسایی و سیستەمی یاسایی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ بابەتی ڕێکخستنی سێکسی و ڕەگەزی کۆمەڵگەی ئێران، شرۆڤەی بکات کە کۆمەڵگەی جیهانی دەبێت کۆماری ئیسلامی ئێران بخاتە ڕیزبەندی ئاپارتایدی ڕەگەزییەوە.


ڕێکەوتی بە زۆرەملێ کردنی حیجاب لە ئێران لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی زایینییەوە

تەنیا چەند ڕۆژ لە دوای گەڕانەوەی ڕوحوڵڵا خومەینی بۆ ئێران لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینییەوە، بۆ یەکەم جار دەنگۆی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن خومەینی و لایەنگرەکانییەوە هاتە بەرباس، لە ڕێکەوتی ٦ی مارسی ڕەشەممەی ١٩٧٩، تەنیا چەند حەفتە دوای هاتنەوەی خومەینی ڕۆژنامەی ئیتلاعات بەشێک لە قسەکانی ئەوی لە قوتابخانەی فەیزیەی قومی بڵاو کردەوە کە دەڵێت، ژنانی ئیسلامی دەبێت بە حیجابەوە بێنە دەرەوە و نابێت خۆیان بڕازێننەوە، کار لە ئیدارەکان قەدەغە نییە بەڵام ژنان دەبێت بە حیجابی ئیسلامییەوە ئیش بکەن. هەرچەند ڕۆژنامەی ئیتلاعات ئەم بابەتەی بە سەردێڕی (ژنان لە ئیسلامدا مافی تەڵاقیان هەیە) ی دانابوو.

خومەینی هەروەها لە قسەکانی دیکە لە شوێنی دیکە وتبووی، بوونی ژنانی بێ حیجاب لە شوێنی کار دەبێتە هۆی برەودانی گوناح، بڵاوبوونەوەی قسەی لەم شێوەیە لەلایەن خومەینییەوە کە زیاتر لە فەرمان دەچوو، هاوکات بوو لەگەڵ بڕیاری ڕاستەوخۆی خومەینی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی یاسای پشتگیری لە بنەماڵە، تەنیا دوو حەفتە لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە بڕیاری خومەینی وەزارەتی داد هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی یاسای پشتگیری لە بنەماڵەی دەست پێکرد و ئەو مادانەی کە تێدا دژی شەرع بن دەبێت لابچن، ئەم دوو بڕیارەی خومەینی بوارێکی ڕەخساند کە بە پێ ئەو، حیجاب بۆ ژنان و ئەو کەسانەی کە ناسنامەی خۆیان وەکوو ژن پێناسە دەکەن، کرا بە زۆرەملێ و ژنان لە دوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای پشتگیری بنەماڵە لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان کە زۆر جار بە شێوەی مەرجدار لە یاسای پشتگیری لە بنەماڵە هاتبوو، بێبەش کران.

تەنیا یەک ڕۆژ لە دوای هەشتی مارس و لە لە بارودۆخێکدا کە هێشتا ناڕەزایەتی دژ بە بڕیاری حیجابی زۆرەملێ لە شەقامەکان لە ئارادا بوو، ڕۆژنامەی کەیهان ڕایگەیاند کە ژنان دەبێت کە حیجابەوە بچنەوە ئیدارەکان و ئیشەکانیان، لە پەرەی یەکەم ئەم ڕۆژنامەدا لە زاری خومەینییەوە نوسرابوو:» لە وەزارەخانەی ئیسلامی نابێت گوناح ڕوو بدات، نابێت ژنان بە ڕووتی بێنە وەزارەتخانەی ئیسلامییەوە، ژنەکان بچنە سەر ئیش بەڵام بە حیجابەوە، هیچ کێشەیەک نییە با بڕۆن ئیش بکەن بەڵام بە حیجابی شەرعییەوە». کەیهان ١٦ی ڕەشەممەی ١٣٥٧ی هەتاوی.

سەرەڕایی ئەوەیکە ژنان یەکەم گرووپی کۆمەڵایەتی بوون کە لە بەرانبەر هێرشی خومەینی بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی مافی ژنان، ناڕەزایەتیی سەر شەقامیان ڕێکخست، و لەگەڵ ئەوەی خومەینی و هاوپەیمانەکانی لە جەوی سیاسی ئەو کاتدا، پاشەکشەیان کرد، بەڵام لە کۆتاییدا پێشڕەوی ئیسلامی سیاسی وەکوو بونیادی ئەسڵی یاسادانان لە کۆماری ئیسلامی کەشێکی خولقاند کە بووە هۆی بە زۆرەملێ کردنی حیجاب. لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ژنان لە لە ڕۆژی جیهانی ژنان، بەتایبەتی میدیایی کردنی ناڕەزایەتییەکان بە شێوەی جیهانی بابەتەکەی بۆ خومەینی نەکردە بابەتێکی جددی، هەرچەند (ئاتەش بە ئێختیاران) بە درووشمی «یان ڕووسەری یان تووسەری» وێژمانی کۆمەڵایەتییان بەرەو ئاقارێک برد کە ئەم مافەی ژنان تێیدا پێشێل بکرێت، لە کۆتاییدا خومەینی لە هاوینی ١٩٨٠ لە وتارێکدا بە شێوەی توند ڕخنەی لە حکوومەت گرت کە بۆچی تا ئیستا نیشانەکانی شاهەنشاهی لە ئیدارەکان دەبینرێت و بە تەواوەتی لە ناو نەچووە، خومەینی ١٠ ڕۆژ مۆڵەتی بە حکوومەتی بەنی سەدر دا کە ئیدارەکان بە تەواوەتی بکاتە ئیسلامی، بە پێی ئەم بڕیارە لە سەرلەبەیانی ڕۆژی ٥ی جولای ١٩٨٠ چوونی ژنان بۆ ئیدارەکان بە بێ حیجاب قەدەغە کرا، ڕەوتی بە زۆرەملێ کردنی حیجاب درێژەی هەبوو و لە پەرلەمانی ئێران لە ساڵی ١٩٨٤ یاسای سزادانی ئیسلامی لەم پەیوەندییەدا پەسەند کرا، بە پێی ئەم یاسا هەر کەسێک بە ناسنامەی ژنان لە شوێنە گشتییەکان حیجابی ئیسلامی ڕەچاو نەکردبێ، ٧٢ جار لێدان بە قامچی بەسەریدا دەسەپێت، لەو کاتەوە تا ئێستا ئەم یاسایە بووەتە بناغەی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێران.


حیجابی زۆرەملێ، ستەمی یاسایی ڕەگەزی و تاوانبارکردنی بەرخۆدانی مەدەنی لە سیستەمی حقوقی ئێران

بەپێی مادەی ١٤١ی یاسای سزادانی ئیسلامی لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەرکەس لە شوێنە گشتییەکان و شەقامەکان کارێکی حەرام ئەنجام بدات بە پێی کارەکە لە ١٠ ڕۆژ تا دوو مانگ و ٧٤ جار قامچی سزا دەدرێت و ئەگەر کارێک ئەنجام بدات نەفسی کارەکە گوناح نەبێت بەڵام عفەتی گشتی بریندار بکات، سزای لە ١٠ ڕۆژ تا دوو مانگ و ٧٤ جار قامچی سزا دەدرێت، لە تێبینی مادەی ١٤١دا هاتووە، ژنانێک کە بێ حیجابی شەرعییەوە لە شوێنە گشتییەکان دەربکەون، سزای ١٠ ڕۆژ تا دوو مانگ یان لە ٥٠ هەزار تا پێنجسەد هەزار ڕیاڵ سزای پێبژاردن دەکرێن.

کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵانی ڕابردوو، بە شێوەی بەردەوام هەوڵی داوە لە ڕێگەی تاوانبارکردنی زیاتری بابەتی حیجابی زۆرەملێیە، ناڕەزایەتی مەدەنی لە پەیوەندی لەگەڵ حیجابی زۆرەملێدا لە ڕێگەی پشتبەستن بە مادەی ٥٠٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی تۆمەتبار بکات، لەم پەیوەندییەدا ئەو ژنانە و کۆمەڵگەی کوییرەکان کە لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دژی حیجابی زۆرەملێ خەباتییان دەکرد، لەڕێگەی مادەی «هاوکاری لەگەڵ حکومەتی دوژمنکارانەی ڕۆژئاوایی» ەوە، تۆمەتبار و نزیک بە ١٠ ساڵ سزایان لەوانەیە بەسەردا بسەپێت، کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر جار بە پشتبەستن بە مادەکانی ٥٠٠، ٦١٠، ٥١٣ یاسای سزادانی ئیسلامی دەیان کەسی کە دژی حیجابی زۆرەملێ چالاکییان کردبوو، بە تۆمەتی چالاکی دژی کۆماری ئیسلامی و کۆبوونەوە و هەوڵدانی دژی ئاسایشی ناوخۆیی و بێرێزی بە ئیسلام دادگایی کردووە و سزای درێژماوەی بەسەریاندا سەپاندووە، یاسەمەن ئاریایی، مونیرە عەرەب شاهی، موژگان کشاوەرز، نەسرین ستودە، سپیدە ڕەشنۆ لەو ناوانەن کە پشتبەستن بە یاسای سزادانی ئیسلامی سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

لەم پەیوەندییەدا بەپرسی دادگای شۆرشی تاران لە ساڵی ٢٠٢٠ ڕایگەیاند، ناردنی هەر وێنە و ڤیدیۆیەک لە پەیوەندی لەگەڵ لابردنی حیجاب بۆ مەسیح عەلینەژاد، چالاکی سیاسی و ڕۆژنامەنووسی ئێرانی ناسراو، دەچێتە چوارچێوەی مادەی ٥٠٨ یاسای سزادانی ئیسلامی و بنکەی ئەمرکردن بە چاکە ئەم ڕۆژنامەنووسەی بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتەکانی دژبەری ئێران تۆمەتبار کرد، هەر لەم پەیوەندییەدا ناردنی هەر ڤیدیۆیەک بۆ مەسیح دەتوانێت سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی هەبێت.

ئەمە بەو مانایە کە کۆماری ئیسلامی بە شێوەی دیار نە تەنیا لابردنی حیجاب بەڵکوو هەر چەشنە چالاکییەک لەم پەیوەندییەدا بە تێکەڵاو کردنی چەندین مادەی سزادانی ئیسلامی کە هەموویان دژایەتی مافی مرۆڤ دەکەن، دەکاتە هۆکارێک بۆ وەگرتنی ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و تاکەکان تاوانبار دەکات.

لە ئاخرین هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی تەرحی دوو پەلەیی و پرۆژەیاسایی «حیجاب و عیفاف» لە ساڵی ڕابردوو بوو کە هەوڵی داوە هەر جۆرە ڕێگەیەک بۆ دژایەتی حیجابی زۆرەملێی بە شێوەی تایبەت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەکوو تاوان بناسێنێت و ئەم بابەتە لە ڕاپۆرتی تازەی ڕێپۆرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بە ناوی نەزمی ئاپارتایدی ڕەگەزی هاتووە.


سیستەمی جیاکردنەوەی ڕەگەزی لە ڕێگەی بابەتی حیجابی زۆرەملێ لە کۆماری ئیسلامی ئێران


بە گوێرەی سیاسەتی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی لە دوای تۆمارکردنی نەزمی یاسای ڕەگەزی لە پەیوەندی لەگەڵ ئیجابی زۆرەملێ، منداڵان کە ڕەگەزی ژن لە تەمەنی ٧ ساڵانەوە لە قوتابخانەکان دەبێت سەرپۆش بکەن، هەر بەپێی ئەم یاسایە، منداڵان لە تەمەنی ٧ ساڵانەوە دەبێت وەکوو کوڕ و کچ لەیەک جیابکرێنەوە و لە قوتابخانەی جیادا پەروەردە بکرێن. ئەم جیاکردنەوە بە پێی پێناسەکانی کۆماری ئیسلامییە و تەنیا ژن و پیاو بە پێ کۆئەندامی ڕەگەزییان پێناسە دەکرێن، و ڕەگەزەکانی دیکە وەکوو تاوان پێناسە کراون. پیناسەکان کۆماری ئیسلامی بووەتە هۆی تاوانبار کردنی کەسانێک کە خۆیان لە کۆمەڵگەی کوییر پیناسە دەکەن.

ئەم بابەتە جۆرێکە لە ڕووخاندنی سیستماتیکی ژیان لە کۆمەڵگەی کوییر ئێران و بەپێی یاسای حیجاب، جیاکردنەوەی ڕەگەزی بە پاڵپشتی شەرع کەسانی ئەندامی کۆمەڵگەی کوییر وەکوو تۆمەتبار سزا دەدرێن، هەر جۆرە ڕەفتارێک و هەر ئازادییەک کە نەزمی ڕەگەزی و سێکسی یاساکانی کۆماری ئیسلامی تێک بدات، سزای قامچی و سێدارەی لێ دەکەوێتەوە.

ئەم جۆرە جیاسازییانە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی ئەو کۆمەڵگە دەمووچاوێکی پیاوانەی هەبێت و ژنان و کۆمەڵگەی کوییر لە ڕێگەی توندوتیژیی حکومەتییەوە دەسرێنەوە و دەکوژرێن.
ڕۆمینا شەریفی، عەلیرەزا مونفەرەد کە لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەیانەوە کوژران و لە سێبەری نەزمی یاسایی کۆماری ئیسلامی ئاسایی دەکرێنەوە و دەبێتە هۆی کوژرانی ژینا ئەمینی و ئارمیتا گەراوەند کە دوو حاڵەتی ناسراو لە ساڵانی دواییدا بوون کە کوژرانەکەیان بە پێی نیزامی ڕەگەزی و سێکسی نایەکسان ڕووی دا.


نیشاندەری کەلێنی ڕەگەزی ئێران لە نێوان وڵاتەکانی دیکە

لە ساڵی ٢٠٢٣دا کۆڕبەندی ئابووری جیهانی وەک ساڵانی پێشوو، پێوەرەکانی جیاوازیی ڕەگەزی وڵاتانی جیاجیایان تاوتوێ کردووە و پێوەرەکانی جیاوازی ڕەگەزی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە نێوان ١٤٦ وڵاتدا پلەی ١٤٣ی بەدەستهێناوە کە لە ڕوانگەی جیاوازیی ڕەگەزییەوە لە خوارەوەی ئەم خشتەیە.
پێوەرەکانی جیاوازی ڕەگەزی ئێران لە نێوان وڵاتانی دیکەدا

ئەم کۆڕبەندە ئاستی یەکسانی و بەرابەری وەکوو نموونەیەک بۆ دەستپێڕاگەیشتنی ژنان بە قوتابخانە، تەندروستی و دەرمانی گشتی، بەشداری لە بواری ئابووری و سیاسی وڵاتەکان لە ڕیزبەندەکاندا بە پێوەر دادەنێت، بەپێی چەندین ڕاپۆرتی جیا کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو لەلایەن ئەم کۆڕبەندەوە لەسەر ئێران بڵاو بووەتەوە ئێران لە نێوان وڵاتەکاندا بەردەوام لە خراپترین ئاستدا بووە، بەگوێرەی پێوەرەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی وڵاتانی چاد و ئەلجەزایەر و ئەفغانستان لە دوای ئێرانەوە دانراون. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکانی خودی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێژەی بەشداری و کارکردنی ژنان ە ئێران لە ساڵی ١٤٠٢ بە ١٤.٦٪ نیشان کراوە، بە پێی نەزمی یاسایی ڕەگەزی کە کۆمەڵگای ئێرانی لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە دەبات، ئەم ئامارانە ئاماژەن بۆ کەمتەرخەمی ئابووری ژنان و پەراوێزخستنیان لە ئاستی کۆمەڵایەتی بە هۆی پێشێلکردنی بەربڵاوی مافە سەرەتاییەکانیان و بە تاوانبار کردنی لایەنە جیددیەکان لە ژیانی کۆمەڵایەتی خۆیان. ئەو ئامارانەی کە پەیوەندییان بە کەمایەتییە سێکسی و ڕەگەزییەکانی ئێرانەوە هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم بەشەی کۆمەڵگادا، سیستەمی یاسایی کۆماری ئیسلامی تەواوی ژیانی سێکسی و ڕەگەزی کۆمەڵگەی کوییرەکانی بە تاوان زانیوە، دەبێت زۆر جددیتر لە قەڵەم بدرێت.


دەرئەنجام
هەنگاو، بە پێی سیستەمی یاسایی هەنووکەیی لە کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە کەلێنی سێکسی و ڕەگەزی، دۆخی ئێستای ئێران لە دەرەوەی سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەڵاواردن بەرامبەر بە ژنان و کۆمەڵگەی کوییر هەڵدەسەنگێنێت و ئەم ئاستە لە دژە ژن بوون و دژە کوییر بوون لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسی و پەراوێزخستن و کەمتەرخەمی کۆمەڵایەتی و ئابووری جددی زیاتر بەرانبەر بە نیوەی کۆمەڵگا وەک سیستەمێکی ئاپارتایدی ڕەگەزی هەڵدەسەنگێنێت و داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و وڵاتانی دێموکرات دەکات کە کۆماری ئیسلامی ئێران بخەنە دەستەی سیستەمی ئاپارتایدی ڕەگەزییەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە