ڕاگەیەندراوەی ڕۆژی ١٧ی مانگی مەی، بە تاوانبارکردن و نەخۆشناساندنی ژیانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە لە ئێران لە نیشانەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزییە

٢٨ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٤:٣١

هەنگاو؛ هەینی ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

ڕۆژی ١٧ی مانگی مەی وەکوو ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دژایەتیی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە، دەرفەتێکی گونجاوە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگای جیهانی سەبارەت بە مافەکان و ئازادییەکانی ئەو توێژە لە کۆمەڵگا. ئەو ڕۆژە، دەرفەتێکە بۆ وەبیرهێنانەوە و پێداگری لەسەر گرینگی ڕێزگرتن لە فرەچەشنیی مرۆڤەکان و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەڵاواردن و سەرکوتکردنی تاکەکان بەهۆی ویست یان ناسنامەی ڕەگەزییان.

لە ئێراندا، کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە لەگەڵ بەربەست و سەرکوتێکی زۆردا ڕووبەڕوویە. تاکەکانی ئەو کۆمەڵگا نە تەنیا لەگەڵ هەڵاواردن و توندوتیژی کۆمەڵایەتیدا ڕووبەڕوو دەبنەوە، بەڵکوو یاسا و ڕێساکانیش بە شێوەیەکی جددی ئازادی و مافە بنەڕەتییەکانیان سنووردار دەکاتەوە. ئەو سنووردارکردنانە بریتین لە سزای قورس، بەندکران و تەنانەت لە سێدارەدران بەهۆی ویستی ڕەگەزی یان ناسنامەی ڕەگەزیی نایاسایی.

بەپێی یاسای سزای ئیسلامی، کۆماری ئیسلامی پەیوەندی سێکسی لە نێوان دوو هاوڕەگەزی لە ڕێگەی ماددەی ٢٣٥، ماددەی ١٣٦، ماددەی ٢٣٦ و هەروەها ماددەکانی ٢٣٧ و ٢٣٨ لە قامچییەوە هەتا لە سێدارەدران بە سزا ناساندووە و بەپێی تێگەیشتنە دژ بە هاوڕەگەزخوازانەکەی خۆی بە گوشارخستنە سەر کۆمەڵگای هاوڕەگەزخوازان و دووڕەگەزخوازان و بە نەخۆشی ناساندنی ویستی ڕەگەزی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە لە کاتی مێرمنداڵییەوە لە ڕێگای سیستەمی پەروەردە، تەندروستی و سەرکوت لەژێر گوشاری ڕۆیشتن بۆ ئالیکارییەکانی «چاکسازی»یانی داناوە کە بەپێی ستانداردە جیهانییەکان ئەو ئالیکارییانە دژ بە مافەکانی مرۆڤن.

هەروەها کۆماری ئیسلامی بەپێی تێگەیشتنی دووانە و نەرێنیی خۆی لە چەمکی ڕەگەز، دەربڕینی ئازادانەی تاکەکان لە ڕەگەز، بەتایبەت کەسانی سەر بە کۆمەڵگای ترانسەکان، لە ڕێگای یاسای حیجابی زۆرەملێ بە سزا ناساندووە و بەپێی تێگەیشتنی بە نەخۆشیناسیی لەو کۆمەڵگایە دیسان لەژێر گوشاری نامرۆڤانەی «ڕاوێژکاری بۆ چاکسازی» دژ بە مافەکانی مرۆڤیان دادەنێت. پرۆسەی پێکگرتن و پشتڕاستکردنەوەی ڕەگەز لە ئێران لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەرچەند کە بەشێوەی یاسایی بوونی هەیە، بەڵام ڕەوتی ئەو چەشنە پرۆسانە لە ڕێگای ڕاوێژکارییە بە نەخۆشیناسەکان و تێگەیشتنی دووانە و نەرێنیی کۆماری ئیسلامی لە چەمکی ڕەگەز بە شێوەیەکی زۆر سەخت و ماندووکەر و هەڵگری چەندین حاڵەتی بە سزاناسانەیە.

سەرەڕای ئەوانە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای دەستبەسەرکردن، بەندکران و ئەشکەنجەدانی کۆمەڵگای کەمینە سێکسی و ڕەگەزییەکان، و هەروەها بڵاوکردنەوەی وتاری ڕقی حکومەت دژ بە ئەندامانی ئەو کۆمەڵگایە، دژایەتیی پەلکەزێڕینەکانی لە کۆمەڵگادا ڕێکخستووە. سەرەڕای تەواوی ئەوانەش، لە ساڵانی ڕابردوودا دەستبەسەرکرانی چالاکانی ئەو کۆمەڵگایە زیاتر بووە بە شێوەیەک کە لە حاڵەتە تایبەتییەکانی سارە سدیقی و ئیلهام چووبدار بیندراون، بۆ ئەو دوو کەسە تەنانەت سزایەکی دیکە واتە «پڕوپاگەندە بۆ هاوڕەگەزخوازی» پێناسە کراوە.

لە چوارچێوەی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بۆ یەکەمین جار کۆمەڵگای کەمایەتییە سێکسی و ڕەگەزییەکان لە ئێران لە ڕێگای ئامادەبوون لە شەقامەکان توانییان ئامادەیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیان لە ئاستی بزووتنەوەکانی سەر شەقام ڕابگەیێنن، هەنگاو بە ڕوانین لە پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە لە دەقی ئەو بزووتنەوەدا سەبارەت بە هەڵکشانی گوشارەکان و سەرکوتە حکومەتییەکان دژ بەو بەشە لە کۆمەڵگا نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت، ئەوە لەحاڵێکدایە کە بەهۆی کەشی دژ بە کویرەکان لە کۆمەڵگای پیاوسالاردا، بە گشتی بنەماڵەکان و تەواوی کۆمەڵگا لە پاڵپشتیکردن لە ئەندامانی ئەو کۆمەڵگایە خۆ دەبوێرن و بە کردەوە ئەو کۆمەڵگایە بەرەو گۆشەگیرییەکی زیاتر دەبەن.

١٧ی مانگی مەی لە کەشی نێونەتەوەییدا لە ساڵی ٢٠٠٥ی زایینییەوە بەبۆنەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کۆمەڵگای هاوڕەگەزخوازان نێوی لێنراوە و دواتر ئەو ڕۆژە شەڕی دژ بە کۆمەڵگای دووڕەگەزخوازان، کۆمەڵگای ترانسەکان و ئینتەرسێکسیشی لەخۆ گرتەوە. هەنگاو ڕێزگرتنی خۆی لە ڕۆژی ١٧ی مانگی مەی، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دژایەتیی کۆمەڵگای کەمینە ڕەگەزییەکان دەردەبڕێت و لە کۆمەڵگای مەدەنی و مافی مرۆڤی ئێران داوا دەکات، هەوڵ بدەن لە چوارچێوەی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، سەرنجێکی تایبەت بدەن بە بابەتی سڕینەوەی کۆمەڵایەتی و پێشێلکرانی ڕێکخراوانەی مافەکانی مرۆڤی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەکانی ئێران لەژێر یاساکانی کۆماری ئیسلامی.

هەنگاو سڕینەوەی پەلکەزێڕینەکان لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ڕێگای سزادان و بە نەخۆشی ناسین و هەروەها دوورخستنەوە و گۆشەگیرکردنی کۆمەڵایەتییان لە نیشانەکانی بوونی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێران لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەزانێت و لە کۆمەڵگای مافی مرۆڤی و مەدەنیی ئێران داوا دەکات کە سەبارەت بە سڕینەوەی سیستەماتیکی کویرەکان بێباک نەبن. وەرن باوەڕمان بەوە هەبێت کە هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە بژی و خۆی بێت، بێ ئەوەیکە لەلایەن کۆمەڵگا یان حکومەتەوە هەڕەشەی لێبکرێت. تەنیا لە ڕێگای ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوە دژ بە هەڵاواردنەکان دەتوانین دونیایەکی باشتر و یەکسانتر بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا ساز بکەین.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو

١٧ی مەی ٢٠٢٤


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە