ئورمیە؛ دەستبەسەرکردنی ئیلهام چووبدار، چالاکێکی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی

چالاکێکی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە لە شاری ئورمیە بە ناوی ئیلهام چووبدار کە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە و ئەو سزا

٩ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ٢١:٠٧

 

هەنگاو: چوارشەممە، ٩ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣

چالاکێکی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە لە شاری ئورمیە بە ناوی ئیلهام چووبدار کە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە و ئەو سزایە دواتر هەڵوەشایەوە و سزای بەندکردنی بەسەردا سەپا، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕابردوودا (ناوەڕاستی مانگی فێبریوەری)، ئیلهام چووبدار، چالاکێکی کۆمەڵگەی کەمایەتییە ڕەگەزی و جێندەرییەکان لە ئێران، بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٣ ساڵ سزای داسەپاو بەسەریدا، دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواستراوەتەوە.

ئەو هاووڵاتییە کە تەمەنی ٢٦ ساڵ و خەڵکی شاری ئورمیەیە، هاوینی ٢٧٢٢ (٢٠٢٣)، لە دۆسیەیەکی هاوبەش لەگەڵ سارە (زارا) سدیقی‌هەمەدانی و خەڵکی شاری نەغەدە، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی "فساد فی‌الارض" لە ڕێگەی "برەودان و بەرەوپێشبردنی هاوڕەگەزخوازی" و "برەودان و بەرەوپێشبردنی ئایینی مەسیحی" و هەروها پەیوەندیگرتن لەگەڵ ڕاگەیاندنە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.

دواتر ئەم سزایە لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و ئیلهام چووبدار ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی ڕەشەممە ٢٧٢٢ (١٣ی مارسی ٢٠٢٣) بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی و بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو؛ ناوبراو لە پاییزی ئەمساڵدا سزای سێ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە و لە مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵدا بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی دەستبەسەر کراوە و هەنووکەش لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەدا ڕاگیراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە