ئێمە لەسەر پێویستیی هاوڕایی لە داڕێژەی داواکارییە هاوبەشەکانمان دەمێنینەوە و پێداگرین
سەرەتای ئەم حەفتەیە بە دەستپێشخەری شەش ڕەنگ (تۆڕی لێسبییەنەکان و ترانسجێندەرەکانی ئێرانی) و بەشداری گرووپە ڕەگەزی و ڕێکخراوە ئیتنیکی و هەروەها
هەنگاو؛ دووشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣
سەرەتای ئەم حەفتەیە بە دەستپێشخەری شەش ڕەنگ (تۆڕی لێسبییەنەکان و ترانسجێندەرەکانی ئێرانی) و بەشداری گرووپە ڕەگەزی و ڕێکخراوە ئیتنیکی و هەروەها ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان یەک لەوان هەنگاو، لەژێر ناوی “دانیشتنی هاوبەشی ژنۆ” بەڕێوەچوو.
لە کۆتایی دانیشتنەدا کە ڕۆژی شەممە ١٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ )٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣( بەڕێوە چوو، ڕاگەیەندراێک بڵاوکرایەوە کە دەقی تەواوی لەخوارەوە دێت؛
ئێمە لەسەر پێویستیی هاوڕایی لە داڕێژەی داواکارییە هاوبەشەکانمان دەمێنینەوە و پێداگرین
ڕاگەیەندراوی کۆتاییی کۆبوونەوەی هاوبەشی ژنێڤ - ٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣
لە سەرەتای ڕاپەڕینی خەڵکانی ئێرانەوە، بابەتی داواکاریی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی ئێران کە لەژێر زوڵم و هەڵاواردن بەسەریاندان، بووەتە چەقی باس و بابەتەکان و هەروەها بووەتە وێژمانی سیاسیی ئەو بزووتنەوە.
خەبات و بەرخۆدانی جەماوەریی خەڵکی بەلووچ و کورد، ڕۆڵێکی بەرچاو و کارای لە نواندن و باسکردنی داواکارییە نەتەوەیییەکان و مافی خەڵکە پەراوێزخراوەکان، داواکاریی ژنان بۆ بەدەستهێنانی ماف و داواکارییە ڕەواکانیان، ئاشکرابوون و دەنگهەڵبڕینی بەشە حاشالێکراوەکانی کۆمەڵگەی ئێران وەکوو کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە و زۆرێک لە چینە پەراوێزخراوەکانی دیکەی ئەو کۆمەڵگەیە هەبووە.
ئەو ڕاپەڕینە کە پڕاوپڕە لە هیوا، هەرچەند هێشتا سەرکەوتوو نەبووە و نەگەیشتووەتە ئاکام و ئامانج، بەڵام هەر لەم قۆناغەشدا سەرکەوتنگەلێکی زۆری لەسەر بەرزکردنەوەی ورە و هیوای کۆمەڵگە و هەروەها گۆڕانکارییەکیشی لەسەر تێڕوانینی جددیی کۆمەڵگە بۆ مافە سیاسی - مەدەنییەکان و بەتایبەت مافەکانی ژنان دەستەبەر کردووە.
لەسەر ئەو بنەمایە:
ئێمە بەشداربووانی کۆبوونەوەی هاوبەشی ژنێڤ، لەسەر هاوڕایی و هاوکارییە هاوبەشەکانمان بۆ باسکردنی دەنگە کپکراو و پەرواوێزخراوەکانی کۆمەڵگەی ئێران و هەروەها باسکردن لەسەر داواکاریی نەتەوەکانی چوارچێوەی جوگرافیای ئێران، کێشەکانی خەڵکی عەرەبی تا دەگاتە بەلووچ، کورد، تورکی ئازەری تورکمان، هەموو ئەو کەسانەی کە حاشا لە ناسنامە نەتەوەیی، ئیتنیکی و تاکەکەسییەکانیان کراوە کە بەم هۆیەشەوە یان لە بەشێک لەو مافانەیان بێبەش کراون یان لەسەر ئەو بنەمایە بەردەوام لەژێر باری زوڵم و هەڵاواردندان و سەرکوت دەکرێن، پێداگری دەکەین.
ئێمە داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و سەرجەم چالاکانی بەشە جۆربەجۆرەکانی دیکە دەکەین کە بایەخ و گرنگی بە گشتگیربوونی مافەکانی مرۆڤ بدەن بۆ هەموو مرۆڤەکان بەبێ جیاوازی و لەم بارەشەوە پلان و بەرنامە، ئایینامە، سیاسەت و هەنگاوەکانی خۆیان بۆ خەبات و تێکۆشانیان دیاری بکەن.
ئەم هەوڵ و هەنگاوە دەبێت بتوانێت کەشێکی گونجاو و لەبار و هەروەها متمانەپێکراو بۆ سەرجەم کۆمەڵگە بەبێ لەبەرچاوگرتنی هۆگری و بەستراوەیی، باوەڕی ئایینی یان بێباوەڕی بە ئایینەکان، لایەنگریی ڕەگەزی و ناسنامەی ڕەگەزی، لایەنگریی نەتەوەیی یان خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، تەمەن، ڕادەی خوێندەواری و جیاوازییەکانی دیکە ساز بکات.
ڕاهێنان و فێرکاری و هەروەها بەکارهێنان و کەڵکوەرگرتن لەو سەرچاوانەی لە بەردەستدان بۆ ڕۆشنگەری و هۆشیارکردنەوەی خەڵک وەکوو هەنگاوی یەکەم ئەرکی هەموومانە، هیوادارین بتوانین لە داهاتوودا بە هاوکاریی یەکتر، تێکچڕژاویی ئەو هەڵاواردنانە بخەینە بەرباس و هەوڵی لەناوبردن و نەهێشتنیان بدەین.
بەشداربووانی کۆبوونەوەی ژنێڤ کە لەسەر بانگێشتی شەش ڕەنگ بەڕێوە چوو، بریتین لە:
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان - ژنێڤ (انجمن حقوق بشر کردستان- ژنو)
حیزبی دیمۆکراتی ئازەربایجان (حزب دموکرات آذربایجان)
ڕێکخراوی لاوانی داهاتوو (سازمان جوانان آینده)
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو (سازمان حقوق بشری هەنگاو)
تۆڕی ڕاگەیاندنی دەنگی زاگرۆس (شبکه ندای زاگرس)
شەش ڕەنگ (تۆڕی لێسبییەنەکان و ترانسجێندەرەکانی ئێرانی)(ششرنگ (شبکه لزبینها و ترنسجندرهای ایرانی))
فیدراسیۆنی پریسمی بلژیک (فدراسیون پریسم بلژیک)
کەژار (کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) – ئەورووپا (کژار (جامعه زنان آزاد شرق کوردستان)- اروپا)
ناوەندی دژی ڕەگەزپەرەستی لە ئێران (كانون مبارزه با نژاد پرستى در ايران)
گرووپی مافی مرۆڤی بەلووچستان (گروہ حقوق بشر بلوچستان)
گشت مافەکانی مرۆڤ بۆ هەموو کەسێک لە ئێران (همه حقوق بشر برای همه در ایران)