لەسەر دۆسیەی سارە ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران هەڕەشە لە ڕۆژنامەنووسێکی کورد دەکەن

سەنگەر سەعید ناسراو بە سەنگەر ئاکرێیی ڕۆژنامەنووس و وێنەگری خەڵکی شاری ئاکرێ سەر بە پارێزگای دهۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان و هێزەکانی

١٥ خەرمانان ٢٧٢٢، ٠٨:٤٠


هەنگاو: سێشەممە ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٢

سەنگەر سەعید ناسراو بە سەنگەر ئاکرێیی ڕۆژنامەنووس و وێنەگری خەڵکی شاری ئاکرێ سەر بە پارێزگای دهۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان و هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای ئێرانەوە کەوتووەتە بەر هەڕەشەی و داوای لێکراوە کە هاوکارییان بکات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەنگەر سەعید ڕۆژنامەنووس و وێنەگری کورد کە پێشینەی کارکردن لە میدیا ناوچەیی و جیهانییەکانیشی هەیە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەردەوام لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران و یەک لەوان هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە هەڕەشەی لێکراوە.

ئەم ڕۆژنامەنووسە کورد لە بەرهەمهێنانی فیلمی بەڵگەنامەیی» ژیانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەکان لە هەرێمی کوردستان «کە لەلایەن بەشی فارسیی کەناڵی بی بی سی بڵاو کرایەوە ڕۆڵی هەبووە.

سەنگەر سەعید لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: "دوای دەستبەسەرکرانی زارا سدیقی هەمەدانی ناسراو بە سارە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران بەتایبەت سوپای پاسداران بەردەوام لەڕێگەی واتسئەپی سارە پەیامیان بۆ من داوە و هەڕەشەیان لە من کردووە".

ناوبراو لە درێژەدا وتی: "ئیتلاعاتی سوپای پاسداران کە دەستی بە سەر مۆبایلی سارەدا گرتووە چەند وێنەیەکی منی لە کاتی بەرهەمهێنانی فیلمە دایکۆمینتارییەکەدا دەست کەوتووە و بەردەوام بە من دەڵێن کە لەژێر چاودێری هێزەکانی ئێمەی و ئەگەر هاوکارییان نەکەم، چارەنووسێکی ناخۆش چاوەڕێم دەکات".

سوپای پاسداران ماوەیەک پێش دایکۆمینتارییەکی لەسەر چەند کچ بڵاو کردەوە کە تێیدا ئەو کچە نەناسراوانە دەڵێن کە باندی سارە ئەوانیان فریو داوە و بردوویانن بۆ باشووری کوردستان کە دوای ئاگاداربوون لەوە هەوڵی خۆکوشتنیان داوە. ئێستا سوپا سەنگەر ئاکرێیی بەوە تۆمەتبار کردووە کە دەستی هەبووە لە خستنە مەترسیی گیانی ئەو کچانە و هەروەها پەیوەندی لەگەڵ مەسیح عالی نەژاد ڕۆژنامەنووسی ئێرانی دانیشتووی ئەمریکا و هەر بەم هۆکارانەش هەڕەشەیان لێکردووە و داوایان کردووە کە هاوکارییان بکات.

هەنگاو ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاندبوو کە زارا سدیقی هەمەدانی ناسراو بە ''سارە'' تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی نەغەدە هاوڕێ لەگەڵ ئیلهام چووبدار تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی ئورمیە لە چالاکانی کۆمەڵگەی ئێڵ جی بی تی (پەلکەزێڕینە) لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی» فساد فی الارض «لەڕێگەی پەرەپێدان بە هاوڕەگەزخوازییەوە لەلایەن دادگای شۆڕشی ئورمیەوە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپاوە.

ماڵپەڕی میزان، ماڵپەڕی فەرمیی دەزگای دادی ئێران دوێنێ وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە هر وەک ئەو دایکۆمینتاریییەکەی کە سوپای پاسداران بەرهەمیهێنابوو، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە سارە و ئیلهام چووبدار ئەندامی باندێکی قاچاخی کچانی ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان بوون.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە