ئیدارەی ئیتلاعات لە بنەماڵەی خەباتکارانی گیانبەختکردووی کورد پارە وەر دەگرن

هەنگاو: یەکێک لە مۆرەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە مەریوان لەبەرانبەر بڕێکی زۆر پارە لە بنەماڵەی خەباتکارێکی گیان بەختگرتوو وەرگرتووە و

٢٢ بانەمەڕ ٢٧١٨، ٢٠:٠٢

 

هەنگاو: یەکێک لە مۆرەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە مەریوان لەبەرانبەر بڕێکی زۆر پارە لە بنەماڵەی خەباتکارێکی گیان بەختگرتوو وەرگرتووە و بەڵێنی داوە کە تەرمی کۆڕەکەیان بگەڕینیتەوە بۆیان، بەڵام نەک هەر تەرمەکی نەگەڕاندووەتەوە، بەڵکوو ئیتلاعات هەڕەشەی لە بنەماڵەی گیانبەختکردووەکە کردوە و بیڕێزییان بە بنەماڵەکەی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، یەکێک لە مۆرەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەشاری مەریوان بە ناوی “محەمەد ئێرانی” ناسراو بە “حەمە ئێرانی” لە بنەماڵەی خەباتکاریکی گیانبەختکردووی کورد بە ناوی “محەمەد ئەمینی” بە کۆدی ڕێکخراوەیی “فواد شۆڕشگێڕ” بڕی ٦٠ ملوێن تمەنی وەر گرتووە و بەڵێنی بە بنەماڵەکەی داوە کە تەرمەکەی وەربگرێتەوە بۆیان، بەڵام پاش چەند مانگ نەک هەر بەڵێنەکەی جێبەجێ نەکردووە، بەڵکوو حازر نیە پارەی ئەو بنەماڵەیەش بداتەوە.

محەمەد ئەمینی خەڵکی ئاوایی ئاڵمانەی مەریوانە و بەهاری ٢٠١٦ هاوڕێ لەگەل ١١ هاوڕێی دیکەی کە گریلای پژاک بوون لە شاری سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان و لەئاکامی تێکەڵچوون لەگەڵ سوپای پاسداران کە کەڵکی لەهێزی ئاسمانی وەرگرت، گیانیان لە دەست دا.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو بنەماڵەیە، دلێر ئەمینی برای محەمەد چەندین جار سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کردووە، بەڵام ئەو ناوەندە ئەمنیە نەک هەر وڵامیان نەداوەتەوە بەڵکوو هەڕەشە و بیڕێزییان پێکردووە و ڕایان گەیاندووە کە ئەو کەسە هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نیە.

ئەو سەرچاوەیە لە دریژەدا وتی دلێر بەوانی وتووە کە “ ئەگەر پەیوەندی بە ئێوەوە نیە بۆچی ئیزن دەدەن کە بە ناوی ئێوەوە پارە لە خەڵکی وەر بگریت؟” کە ئەمەش بووەتە هۆی تووڕەیی ئەو هێزانەوە و وێرای لێدان و کوتان بێڕێزییان پێ کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە