برینداربوونی ٤ کۆڵبەر لە سنووری نەوسوود
هەنگاو: چوار کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی شاهۆ، سەلاسی باوەجانی و پاوە لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کران.
هەنگاو: چوار کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی شاهۆ، سەلاسی باوەجانی و پاوە لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کران.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (١٥ی مارسی ٢٠٢٢)، لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کۆڵبەرانی سنووری نەوسوود دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی موختار شامورادی و سەعید خەسرەوی بریندار کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەم دوو کۆڵبەرە هەر دوویان خەڵکی سەلاسی باوەجانی بوون و سەعید لە بەشی ڕان و موختاریش لە بەشی دەستی بریندار و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گوازراونەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، شەوی دووشەممە ٢٣ی ڕەشەممە و هەر لەو سنوورەدا، لە ئاکامی دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران دوو کۆڵبەر بریندار بوون کە ناسنامەی یەکێکیان بە ناوی ئولفەت عابدینی خەڵکی گوندی شوانکارە سەر بە بەخشی شاهۆی ڕوانسەر بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.
هەتا ئێستا ناسنامەی ئەو کۆڵبەرەکە کە خەڵکی گوندی دووریسانی پاوە بووە بۆ هەنگاو ئاشکرا نەبووە.