ڕاگەیەندراوی هەنگاو سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی کلیپی قسەکانی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسیی لە سێدارە دراو

ماوەیەکە پاش لەسێدارەدرانی نایاسایی حەیدەر قوربانی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، کەسانێک بە هەر شێوازێک هەوڵ دەدەن

٢٠ بانەمەڕ ٢٧٢٢، ١١:١٣

 

بۆ ڕای گشتیی

ماوەیەکە پاش لەسێدارەدرانی نایاسایی حەیدەر قوربانی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، کەسانێک بە هەر شێوازێک هەوڵ دەدەن هەنگاو تۆمەتبار بکەن بەوەیکە سەبارەت بە دۆسیەی حەیدەر قوربانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و باسی گشتیدا کەمتەرخەمی کردووە. لەم بارەوە بێ هیچ چەشنە بەڵگەیەک گوتراوە کە گوایە کلیپی قسەکانی حەیدەر قوربانی سەبارەت بە ئەشکەنجە و تەواوی قۆناغەکانی بەندیخانە و دادگاییکردنی پێش لە سێدارەدرانی، لای هەنگاو هەبووە و هەنگاو پاش لەسێدارەدرانی بڵاوی کردووەتەوە.

دەستەی بەڕێوەبەری هەنگاو وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو دەنگۆیە، ڕوو لە خەڵکی کوردستان ڕادەگەیەنێت کە ئەو تۆمارە دەنگ و ڕەنگییە لای بنەماڵەی حەیدەر قوربانی بووە کە دوای لەسێدارەدرانی، ناردوویانە بۆ هەنگاو و هەنگاویش وێڕای وەرگێڕانی قسەکانی بۆ سەر زمانی فارسی، بە خێرایی بڵاوی کردووەتەوە.

لە کۆتاییدا ڕایدەگەیەنین کە هەنگاو وەکوو ڕێکخراوێکی بە تەواوی سەربەخۆ و چالاک لە بواری مافەکانی مرۆڤ، سیاسەتێکی ڕوونی هەیە سەبارەت بە پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان بە پێی پێوەرەکانی پشتیوانی لە مافەکانی مرۆڤ و لە بەرامبەر کار و چالاکییەکانیدا بە تەواوی بەرپرس و وەڵامدەرە. پڕوپاگەندە و بڵاوکردنەوەی دەنگۆ هیچ بۆشایی و گرفتێک ناخاتە بەردەم بەردەوامیی کار و چالاکیی هەنگاو.

دەستەی بەڕێوەبەریی هەنگاو
١٠ مەی ٢٠٢٢
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە