هەنگاو ناسنامەی ١٨کەسی دەستبەسەرکراو لە بازاڕیانی شاری شنۆ ئاشکرا دەکات

لانی کەم ١٨ کەس لە بازاڕیان و کاسبکارانی شاری شنۆ، دوای مانگرتنی گشتی مانگی سەرماوەز، دەستبەسەر و لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکان هەڕەشە و بێڕێزییان پێکرا.

١٩ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١٣:٣٦


هەنگاو: شەممە ١٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

لانی کەم ١٨ کەس لە بازاڕیان و کاسبکارانی شاری شنۆ، دوای مانگرتنی گشتی مانگی سەرماوەز، دەستبەسەر و لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکان هەڕەشە و بێڕێزییان پێکراوە. ناسنامەی ئەو ١٨ کەسە بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٢) ژمارەیەک لە کاسبکارانی شاری شنۆ بە ناوەکانی ئیدریس کارساز، کاوە کوردی، نیما مەیهەنخا عەلی شەرافەت، ئیسماعیل شەرافەت، سامان ئەسەدی، ڕەحمان موعتەسەب، موستەفا عەرەب، عەبدوڕەحمان دڵپەسەند، یووسف ئازەرەنگ، حوسێن شەڵتووکی، کەریم توتونکار، ڕەحیم فەلاح، ئازاد محەممەدی، ئەمیر محەممەدی و شەفیع حەسەنی بانگکراونەتە ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شنۆ و دەستبەسەرکراون.

هەروەها دوو برای زێڕنگەر بە ناوەکانی فارووق پاشایی و قاسم پاشایی لەدوای هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا بۆ سەر ماڵیان دەستبەسەرکراون.

هەنگاو زانیویەتی، کە هێزە حکومەتییەکان بەمەبەستی بێ ڕێزیکردن بەم هاووڵاتییانە سەر و سمێڵیانیان تاشیوە.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ناوەندە حکومەتییەکان لە پێش چاوی ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوانە بێ ڕێزیان بە ڕێبەرانی جووڵانەوە و بزووتنەوەکانی نەتەوەی کورد لە نێویاندا د. عەبدولڕەحمان قاسملوو کردووە و یەکێک لە ئەندامانی ئەو هێزانە میزی بەسەر وێنەی کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردستاندا کردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستی هەنگاو گەیشتووە، کاتژمێر ٣ی نیوەشەوی پێنجشەممە، ١٧ی سەرماوەز، دوو برای دەستبەسەرکراو بە ناوەکانی ئازاد محەممەدی و ئەمیر محەممەدی، کە پیشەیان زێڕنگەرییە لەلایەن هێزە حکومەتییەکان بردراونەتە نزیک گوندی "شێوەسماک" و لە ٤٠ کیلۆمەتری دەرەوەی شاری شنۆ و لەوێ بەجێیان هێشتوون.

هەر لەو ڕاستایەدا، کارەبای بازاڕی شنۆ لە مەودای جووتسایدی پیرانشار هەتا فەلەکەی گێلاس لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکان پچڕاوە.


سەرەڕای وەرگرتنەوەی مۆڵەتی بازرگانی لەم کاسبکارانە، ناوەندە حکومەتییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلەکانیشیاندا گرتووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە