ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران و نادیاری چارەنووسی یوونس حەسەن‌خان و تۆفیق ئەخەوان لە شارەکانی بۆکان و سنە

٣١ پووشپەڕ ٢٧٢٦، ٢١:٢٤

هەنگاو؛ چوارشەممە ۳۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۶

دوو هاوڵاتیی کورد بە ناوەکانی تۆفیق ئەخەوان و یوونس حەسەن‌خان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شارەکانی بۆکان و سنە دەستبەسەر کراون و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۳۰ی پووشپەڕی ۲۷۲۶ (۲۱ی جوولای ۲۰۲۶)، یوونس حەسەن‌خان، هاوڵاتیی خەڵکی گوندی «ئیبراهیم‌ئاوا»ی سەر بە شاری بۆکان بە بەکارهێنانی توندوتیژی و لێدان و کوتان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، چەند ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەی «ئاڵەشین» لە نێوان کێڵگەکانی گوندەکانی ڕەحیم‌خان و ئیبراهیم‌ئاوا و ئەم هاوڵاتییەیان لە کاتی ئاودێریکردنی کێڵگەکەیدا و بەبێ پێشکەشکردنی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کردووە.

هەروەها، ڕۆژی سێشەممە ۲۳ی پووشپەڕی ۲۷۲۶ (۱۴ی جوولای ۲۰۲۶)، تۆفیق ئەخەوان، هاوڵاتیی خەڵکی سنە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە، تا ئێستا و سەرەڕای تێپەڕبوونی ۹ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی ئەم هاوڵاتییە، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو بێئاکام ماوەتەوە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، تۆمەتە پاڵدراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم دوو هاوڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە