ئورمیە؛ یوونس نەبیزادە سزای ۱۰ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانی بەسەردا سەپا
هەنگاو؛ سێشەممە ۳۰ی پووشپەڕی ۲۷۲۶
یوونس نەبیزادە، هاوڵاتیی تەمەن ۳۷ ساڵی کورد و خەڵکی ئورمیە و لە هاووڵاتیانی چالاک لە کاتی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ۱۰ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ئەم سزایه لە کاتێکدا دەرچووە کە ناوبراو پێشتر لە ژێر توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕووحیدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژی خۆی کرابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، یوونس نەبیزادە خەڵکی گوندی دلۆ سەر بە ناوچەی دیزج دول ئورمیە، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ۱۰ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، دانیشتنی پێراگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم هاوڵاتییە لە ڕێگای ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەڕێوە چووە و تەنیا سێ خولەکی خایاندووە.
جێگەی ئاماژەیە کە، یوونس نەبیزادە ڕۆژی پێنجشەممە ۱۷ی جۆزەردانی ۲۷۲٤ (٦ی ژوئەنی ۲۰۲٤) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ئورمیە بەبێ پێشکەشکردنی هیچ جۆرە حوکمێکی دادوەری دەستبەسەر کراوە. ئەم هێزانە دواتر هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی تایبەتیی ناوبراو و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کرد.
ناوبراو نزیکەی دوو مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دا لە ژێر توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕووحیدا بوو. ئۆرگانە ئەمنییەکان لەم ماوەیەدا ناوبراویان لە ژێر گوشاری تونددا ناچار بە ئیمزا و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و پاڵدانی تۆمەتی بێبنەما کردووە.
ئەم هاوڵاتییە بەهۆی برایەکەیەوە کە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانە، پێشتریش و بەتایبەت لە کاتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا چەندین جار لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بانگهێشت، لێپرسینەوە، هەرەشە و ئەشکەنجە کرابوو.