جێبەجێکردنی سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی کرماشان و کەرەج
لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا، سزای سێدارەی فەرهاد کەرەمی، خەڵکی پاوە و سەعدوڵڵا کەریمی سەرینی، خەڵکی کرماشان بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" و هەروەها سزای سێدا
هەنگاو: پێنجشەممە ١٥ی بەفرانباری ٢٧٢٢
لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا، سزای سێدارەی فەرهاد کەرەمی، خەڵکی پاوە و سەعدوڵڵا کەریمی سەرینی، خەڵکی کرماشان بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" و هەروەها سزای سێدارەی "ڕۆستەم عەباس زادە"، خەڵکی سەڵماس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "ماددە هۆشبەرەکان" لە بەندیخانەکانی کرماشان و کەرەج جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی چوارشەممە، ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٤ی جەنیوەری ٢٠٢٣) سزای سێدارەی سەعدوڵڵا کەریمی سەرینی، تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی گوندی سەرین لە کرماشان و فەرهاد کەریمی (فراح) خەڵکی گوندی "کۆمەرە" سەر بە پاوەم لە بەندیخانەی "دێزڵ ئاوای"ی کرماشان جێبەجێ کرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فەرهاد کەریمی سێ ساڵ پێش بە هۆی لەئەستۆگرتنی قەتڵێکی نامووسی کە ناوبراو ئەنجامی نەدابوو دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. هەروەها سەعدوڵڵا کەریمی دوو ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی برای هاوژینەکەی دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
لە لایەکی دیکەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی بەفرانباری ٢٧٢٢، سزای سێدارەی ڕۆستەم عەباس زادە، تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی گوندی "قزڵکەند" سەر بە شاری سەڵماس لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.
هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ڕۆستەم عەباس زادە، سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکە بەناوی مەهدی عەسگری، تەمەن ٣٢ ساڵ، خەڵکی تاران و خاوەنی ٢ منداڵ بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "ماددەی هۆشبەر" لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێکرا.
جێبەجێکرانی سزای ئەو دوو زیندانییە لە کاتێکدا بووە کە بەرپرسانی بەندیخانە، ڕێگریان لە دواین دیداری ئەم دوو بەندکراوە لەگەڵ بنەماڵەکانیان کردووە.
هەواڵی لە سێدارە دانی فەرهاد کەریمی، سەعدوڵڵا کەریمی و ڕۆستەم عەباس زادە، هەتا ئێستا لەلایەن میدیاکانی سەر بە حکومەت و ناوەندە دادوەرییەکان بڵاو نەکراوەتەوە.